حكوومەتی عێراق زیاتر لە 16 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

:: AM:11:06:16/09/2019 ‌

دوای ئەوی ئەمساڵ جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەنمیان ڕادەستی حكوومەتی ناوەندی كرد، عێراق پارەكەی ناردووە، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رای دەگەیەنێت، ئەو پارەی نێردراوە بۆ ئەمساڵ بڕەكەی 16 ملیارە.
 
ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئەیلوول، فەتحی محەمەد گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" رای گەیاند، عێراق بەشێك لە پارەی گەنمی جووتیارانی ناردووە و ئەو پارەیە هی ئەمساڵە.
.
زیاتر گوتی، حكوومەتی ناوەندی ئەو پارەی ناردوویەتی بەشێوەی چەكە، ماوەیەكیشی دەوێت تا دەبێتە پارە و بڕەكەشی 16 ملیار و 382 ملیۆن دینارە.

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو سیاسەتەی عێراق بۆ كڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێم بەڕێوەی بردووە، 54 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێم كڕیوە، هەروەها جووتیارانمان نزیكەی 900 هەزار تۆن بەرهەمیان هەبووە، ئەوەی مایەوە لە بازاڕەكانی خۆمان ساغ كرایەوە. هەوڵەكان بەردەوامن لە لایەنی حكوومەت و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی ئەو بەشە پارەی ساڵانی 2015 تا 2017 ماوە بنێردرێت.

حكوومەتی عێراق ساڵانە گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكڕێت و ماوەی سێ ساڵیشە پارەكەی نانێرێت، ئەمساڵیش بەهۆی باشبوونەوەی پێوەندییەكان بەشێك لە پارەكە نێردراوە.


وشە - زریان تەها