پارێزگاری نوێی هەولێر لە بەردەم سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات

:: AM:11:21:16/09/2019 ‌
 دوای دەرچوونی فەرمانی هەرێمی بۆ دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێی هەولێر، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەم لە ڕێوڕەسمێكدا لە بەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فرسەت سۆفی وەك پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی یاسایی خوارد.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، لە بەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان فرسەت سۆفی وەك پارێزگاری هەولێر سوێندی یاسایی خوارد و لە رێوڕەسمەکەیشدا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئامادە بوو.

دواتر نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە فرسەت سۆفی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

لە كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، فرسەت سۆفی لە كۆی 28 دەنگ 27 دەنگی ئەنجوومەنی بە دەست هێنا و وەك پارێزگاری هەولێر هاتە هەڵبژاردن.

فرسەت سۆفی خەڵكی گوندی گەزنەی ناوچەی چۆمانە و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، هاوكات ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و ئەنجامدانی چاكسازی لە كوردستان بووە، فرسەت سۆفی دەبێتە 41ەمین پارێزگاری هەولێر.









وشە - رامیار جەواد