ئه‌و رۆمانه له پشت هه‌وڵى تیرۆركردنى دوو سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بوو
ره‌خنه‌گران پێیان وایه چه‌ندان خاڵى گرنگ هه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتنى رۆمانێك، كه‌چى زۆربه‌ى ئه‌و خاڵانه له رۆمانى "پاسه‌وانه‌كه‌ى كێڵگه‌ى شۆفان"دا نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له لیستى ئه‌و 100 رۆمانه‌دایه كه به باشترین رۆمانى سه‌ده‌ى بیسته‌م داده‌نرێن. بۆیه له‌وانه‌یه سه‌ركه‌وتنى رۆمانه‌كه پێوه‌ندى به چه‌ند بابه‌تێكى تره‌وه هه‌بێت كه لێره‌دا به كورتى ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ین.
ئه‌گه‌ر له گووگڵ و یوتوب یان هه‌ر ماڵپه‌ڕێكى تر‌ى ئینته‌رنێت به‌دواى لیستى باشترین رۆمانه‌كانى دنیا بگه‌ڕێیت، ئه‌وا بێگومان له چه‌ندان لیستى ئه‌و بژاردانه‌ى ده‌خرێنه به‌رده‌ستت، ناوى "پاسه‌وانه‌كه‌ى كێڵگه‌ى شۆفان" هه‌یه كه له‌لایه‌ن جیرۆم د‌یڤید سالینگه‌ر نووسراوه "Jerome David Salinger".
له‌وانه ناوى نووسه‌ره‌كه‌مان به‌لاوه نامۆ بێت كه به جى دى سیلنگه‌ر كورت ده‌كرێته‌وه، چونكه ئه‌و هاوشێوه‌ى نووسه‌ره‌كانى تر‌ى وه‌ك كافكا و ماركیز و تۆڵستۆى و ده‌یان نووسه‌رى تر به زۆریى كتێبه‌كانیان نه‌ناسراوه، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌م رۆمانه به‌ناوبانگه‌ى هه‌یه و ئه‌مه‌شیان له ریزى 100 رۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ى سه‌ده‌ى بیسته‌مدایه.
غالب هه‌لسا ئه‌دیبى به‌ناوبانگى ئوردنى كه ئه‌م رۆمانه‌ی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى، له پێشه‌كییه‌كه‌یدا ده‌ڵێ "زۆرجار ئه‌م رۆمانه به رۆمانى یۆلسیسى جیمس جۆیس به‌راورد ده‌كرێت، چونكه هه‌ردووكیان چه‌ندان نیشانه‌یان هه‌یه رێ‌یان به‌و گۆڕانكارییانه دا كه له نووسینى رۆمان له رۆژئاوا روویان دا".
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هه‌لسا تێبینى ئه‌وه‌ى نه‌كردووه، جیاوازییه‌كى هه‌ره زه‌قى نێوان "یۆلسیس" له‌گه‌ڵ "پاسه‌وانى كێڵگه‌ى شۆفان" ئه‌وه‌یه یه‌كه‌میان زمانێكى زۆر قورسى هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له رۆشنبیران وه‌ك نوكته ده‌ڵێن "رۆشنبیر به خوێندنه‌وه‌ى یۆلسیس تاقى ده‌كرێته‌وه". كه‌چى رۆمانى "پاسه‌وانه‌كه‌ى كێڵگه‌ى شۆفان" زۆر ساده‌یه.
جیاوازییه‌كى تر له نێوان ئه‌م رۆمانه و ته‌واوى رۆمانه به‌ناوبانگه‌كانى دنیا، كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى رۆمانه‌كه‌یه. رۆمانه‌كانى تر كاره‌كته‌رى گه‌وره و بابه‌تى گه‌وره و په‌یامى گه‌وره له‌خۆ ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌وه‌یان باس له قوتابییه‌كى كه‌وتووى قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كات له‌به‌ر ته‌مبه‌ڵى له قوتابخانه‌كه‌ى ده‌رده‌كرێت، ئه‌م كاره‌كته‌ره ته‌مه‌نى له 17 ساڵ تێپه‌ڕى نه‌كردووه. كۆى كاتى رۆمانه‌كه‌یش باس له دوو رۆژ ده‌كات له ژیانى ئه‌و هه‌رزه‌كاره.
له‌وانه سه‌یرتر، ئه‌وه‌یه كه تۆ ناونیشانى رۆمانه‌كه ده‌خوێنیته‌وه، خه‌یاڵى ئه‌وه ده‌كه‌یت باس له پاسه‌وانێك بكات یان جووتیارێك، به‌ڵام به‌مشێوه‌یه نییه كه خه‌یاڵت كردووه. له 26 به‌شى رۆمانه‌كه هیچ شتێكى له‌م جۆره‌ت به‌رچاو ناكه‌وێ، ته‌نانه‌ت له خوێندنه‌وه‌ى 21 به‌شى رۆمانه‌كه سه‌رت سوڕ ده‌مێنێ و له خۆت ده‌پرسى كوا پاسه‌وان و كوا كێڵگه‌ى شۆفان؟ تا له به‌شى 22 بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نیا ئه‌مه دێڕى گۆرانییه‌كه و له شیعرى رۆبێرت به‌رنز وه‌رگێڕاوه، ئه‌م شاعیره له سه‌ده‌ى هه‌ژده‌م ژیاوه و به شاعیرى جووتیاران ناسراوه.
سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه، ده‌بێ ئاماژه بۆ هه‌ڵسوكه‌وتى نووسه‌رى رۆمانه‌كه‌یش بكرێت، چونكه ئه‌و دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى رۆمانه‌كه‌ى، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتى كرد هیچ نووسه‌رێكى تر هاوشێوه‌ى ئه‌و كاره‌ى وه‌هاى نه‌كردووه.
دى جی سالینگه‌ر كه له ساڵى 1919 له ئه‌مه‌ریكا له دایك بووه، له ساڵى 1951 رۆمانى "پاسه‌وانى كێڵگه‌ى شۆفان"ى بڵاو كردووه‌ته‌وه، دواى بڵابوونه‌وه‌ى ئه‌م رۆمانه، ته‌واو كه‌وته گۆشه‌گیرى. ماوه‌ى 60 ساڵ تا ساڵى 2010 ته‌نیا یه‌ك جار نه‌بێت له راگه‌یاندن ده‌رنه‌كه‌وت، بۆ یه‌كجاریى له ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌كان وازى له نووسین هێنا.
وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌م رۆمانه‌ى ته‌واو په‌یامى خۆى گه‌یاندبێ و پێویستى به‌وه نه‌بێت هیچ شتێكى تر بنووسێت، تا بۆ جارێكى تر په‌یامى روون بكاته‌وه یان دووپات له‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ى بكاته‌وه.
دواى خستنه‌ڕووى ئه‌م چه‌ند تێبینییه، ده‌بێ باس له ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كه بكه‌ین، ئه‌م رۆمانه باس له كوڕێكى ته‌مه‌ن 16 ساڵى ده‌كات به‌ناوى هۆڵندن كالفیلد "Holden Caulfield". كالفیلد به‌هۆى ئه‌وه‌ى له قوتابخانه‌ى پێنسى ده‌خوێنێت و له به‌شه ناوخۆیى ده‌مێنێته‌وه، له ته‌واوى ماده‌كان جگه له زمانى ئینگلیزى ده‌كه‌وێت، له قوتابخانه ده‌رده‌كرێت، له زمانى ئینگلیزیش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت به‌هۆى ئه‌وه‌ى له نووسینى داڕشتندا به توانایه.
ئه‌و ئێواره‌ى رۆژى شه‌موو قوتابخانه و به‌شه ناوه‌خۆیى جێده‌هێڵێ، به‌ڵام كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاسایى بۆ ماڵه‌وه رۆژى چوارشه‌مه. نایه‌وێ یه‌كسه‌ر بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه تا چوارشه‌م بۆ ئه‌وه‌ى هه‌واڵه ناخۆشه‌كه دره‌نگتر به دایك و باوكى بدات، بۆیه له ماوه‌ى دوو رۆژ مانه‌وه‌ى له ده‌ره‌وه، چه‌ندان یانه و هۆتێل به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و له‌شفرۆش تاقى ده‌كاته‌وه و خۆى ته‌واو مه‌ست ده‌كات و چه‌ندان جاریش رێكه‌وتى هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان ده‌كات.
كالفیلد چه‌ند جارێك له رۆمانه‌كه خۆى به "ده‌به‌نگ" وه‌سف ده‌كات، راستییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌به‌نگ نییه، به‌ڵام كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌و هه‌رزه‌كاره ئه‌وه‌یه هه‌موو شتێك ره‌ت ده‌كاته‌وه، زۆربه‌ى ئه‌و شتانه‌ى مرۆڤ له ژیانى رۆژانه‌ى ئه‌نجامى ده‌دات، له تێڕوانینى ئه‌ودا "رواڵه‌تی یا ساخته"ن، بۆیه گومان له هه‌موو شتێك ده‌كات، له‌وانه كاتێك یه‌كێك پێى ده‌ڵێ "من به بینینى تۆ خۆشحاڵم"، ئه‌و گومانى له‌م جۆره رستانه هه‌یه، بۆیه مه‌یلى به‌لاى هیچ شتێكه‌وه نییه.
له ماوه‌ى دوو رۆژ سه‌رگه‌ردانى و تاقیكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك شتى نوێ، دواجار بڕیار ده‌دات بێ ئاگادارى دایك و باوكى له ماڵه‌وه دوور بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام خوشكێكى بچكۆلانه‌ى هه‌یه ده‌یه‌وێ به نهێنى ئه‌و ببینێ، خوشكه بچكۆلانه‌كه‌ى كه ته‌مه‌نى كه‌متر له 10 ساڵه سه‌رزه‌نشتى ده‌كات و پێى ده‌ڵێ "تۆ حه‌زت له هیچ شتێك نییه، هیچ خواستێكت بۆ داهاتوو نییه".
دواجاریش كه زۆر گوشارى ده‌خاته سه‌ر كالفیلد ده‌ڵێ وه‌ك گۆڕانییه‌كه حه‌ز ده‌كه‌م ببم به پاسه‌وانى كێڵگه‌ى شۆفان. دواتر به گاڵته‌وه ده‌ڵَێ "تا ئه‌و منداڵانه بگرم كه به‌ره‌و كێڵگه‌كه را ده‌كه‌ن". دواتر به‌هۆى گوشارى خوشكه بچووكه‌كه بڕیار ده‌دات له رۆیشتن پاشگه‌ز بێته‌وه و بۆ ساڵى نوێى خوێندن خۆى ئاماده بكات.
ئه‌وانه‌ى رۆمانه‌كه‌یان خوێندووه‌ته‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌م رۆمانه به زمانى ساده‌ى خه‌ڵكى نیویۆرك نووسراوه، ئه‌مه‌یش وایكردووه له‌ناو ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنى زیاتر به‌ده‌ست بێنێ، به‌تایبه‌تى له‌ناو هه‌رزه‌كاراندا.
سه‌رچاوه مێژووییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ساڵانێكى زۆر ئه‌م رۆمانه وه‌ك كتێبى پیرۆزى هه‌رزه‌كاران بوو، ته‌نانه‌ت زۆر له گه‌نجانى سه‌ده‌ى بیسته‌م دروشمى "هه‌موومان هۆڵدن كالفیلدین"یان به‌رز كردووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌یش به‌هۆى ئه‌و تووڕه‌ییه‌وه بووه كه له ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كه به‌دى ده‌كرێت و دواجاریش له‌گه‌ڵ خواستى ئه‌وان یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
هه‌رچه‌نده كاره‌كته‌رى كالفیلد كه‌سێكى ئاشتیخوازه و دووره له گێچه‌ڵ، كه‌چى هه‌ندێك له‌وانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌یان نووسیوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م رۆمانه هانده‌ر بووه بۆ ته‌قینه‌وه‌ى تووڕه‌یى هه‌ندێك له گه‌نجان، له‌وانه ئه‌وه‌ى به‌شدار بوو له كوشتنى جۆن كه‌نیدى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، دانه‌یه‌كى له كتێبى "پاسه‌وانه‌كه‌ى كێڵگه‌ى شۆفان"ى لابووه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى ساڵانێك دواتر هه‌وڵى كوشتنى ریگانى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاى داوه، زۆر سه‌رسام بووه به كاره‌كته‌رى كالفیلد.
ئه‌مه رووداوانه وایكرد ئه‌م رۆمانه به رۆمانى تووڕه‌یى بناسرێت و رۆژ له دواى رۆژ گه‌نجانى ئه‌مه‌ریكا پێیه‌وه كاریگه‌ر بن.
هه‌ڵبه‌ته هۆى ئه‌و تووڕه‌ییه‌ى له‌ناو رۆمانه‌كه به‌دى ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه ئه‌و كاته‌ى نووسراوه ئه‌مه‌ریكا له ته‌نگژه‌یه‌كى ئابوورى قووڵدا بووه و رووداوه‌كانى رۆمانه‌كه‌یش باس له چه‌ند ساڵێكى دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهان ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش بێهوده‌یى و كه‌مته‌رخه‌مى كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى رۆمانه‌كه وه‌ك هێمایه‌ك بووه بۆ ده‌رخستنى ناڕه‌زاییه‌كان. به‌تایبه‌تى ئه‌وكاته‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌وێته جه‌نگى ڤێتنامه‌وه، خه‌ڵكانێكی زۆر به تایبه‌تى گه‌نجان له دژى جه‌نگه‌كه ده‌وه‌ستنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى ئه‌وتۆیان بۆ وه‌ستاندنى هه‌بێت.
جگه له‌مانه‌یش، رۆمانه‌كه ره‌هه‌ندێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونیشى هه‌یه، دیوه شاراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌مه‌ریكى ئه‌وكات نیشان ده‌دات، بۆیه غالب هه‌لساى وه‌رگێڕى عه‌ره‌بى ده‌ڵێ، "كلیلى ئه‌و رۆمانه وشه‌ى –ساخته‌یه". هۆڵدن كالفیلد به قێزه‌ونى سه‌یرى كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌مه‌ریكى ده‌كات و ساخته‌كانى ئاشكرا ده‌كات.
خوێنه‌ر له میانه‌ى 300 لاپه‌ڕه‌دا، گه‌شتێك له‌گه‌ڵ سه‌ره‌ڕۆییه‌كانى ئه‌و كاره‌كته‌ره بچووكه ده‌كات و ده‌به‌نگییه‌كانى ده‌بینێ.
ئه‌و له‌میانه‌ى ئه‌م لاپه‌ڕانه‌دا به‌ره‌به‌ره گه‌وره ده‌بێت و دواجار بڕیارى گۆڕینى ژیانى خۆى ده‌دات، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ى ئه‌و خوێنه‌ر دڵخۆش ناكات، چونكه ره‌شبینى و بێ ئومێدییه‌كان هه‌ر ده‌مێنن. ئه‌و له كۆتایى رۆمانه‌كه دواى ئه‌وه‌ی ته‌واوى پیسى و پۆخڵییه‌كانى خۆى باس ده‌كات، ئامۆژگارى خوێنه‌ر ده‌كات باسى خۆیان له‌لاى خه‌ڵكى تر نه‌كه‌ن، چونكه به‌مه ته‌واوى خه‌ڵك له ده‌ست ده‌ده‌ن.