پارێزگاری نوێی هەولێر یەكەمین كاری خۆی كرد و نۆژەنكردنەوەی ڕێی هەولێر كۆیەی بەسەر كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئەیلوول، فرسەت سۆفی وەكو پارێزگاری هەولێر سەردانی شارەدێی دێگەڵەی هەولێری كرد لەگەڵ وەزیری ئاوەدان كردنەوە و نیشتەجێكردن بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگەداربوون لە كارەكانی نۆژەنكردنەوەی ئەو ڕێیە.
پارێزگاری هەولێر لە گوتەیەكی بۆ میدیاكان گوتی، ئەگەر بمانەوێت ئاسەوارە ناخۆشەكانی ڕابردوو نەهێڵین، پێویستە ڕێگەكانی نێوان شار و شارۆكەكان ڕێك بخرێتەوە و باشتر بەیەكەوە ببەسترێنەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، هەموو شارۆكە و شارەدێكانی هەولێر گرنگییان هەیە بۆیە پێویستە ڕێگاكان چاك بكرێنەوە و نۆژەن بكرێنەوە و ئەو ڕێیەش بەخێرایی كاری میكانیكی هاتوچۆی بۆ بكرێت و بكرێتەوە.
هەر لەو بەسەرکردنەوەیەدا دارا ڕەشید وەزیری ئاوەدان كردنەوە گوتی، ئێستە لەكۆی پێنج قۆناغی نۆژەنكگردنەوەی ڕێیەکە چواریان كاركردن تێیدا دەستی پێ كردۆتەوە و كۆمپانیایەكی ئێرانیش بڕیاری داوە كار لە قۆناغی پێنجەمی ڕێگاكە بكات.
ڕێی هەولێر كۆیە ماوەی سێ مانگە كاركردن تێیدا بەردەوامە و قیرتاوكردنی گەیشتووەتە شارۆكەی دێگەڵە.