ئەمینداری گشتیی پێشمەرگە: ئاگاداری بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق نین

:: PM:04:20:16/09/2019 ‌
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عیراق فەرمانێكی دیوانی لەبارەی میكانیزم و ئەركی تازەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشە‌كان دەركردووە، بەڵام هەرێم ئاگاداری نییە.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئەیلوول، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، لە رێی میدیاكانەوە زانرا كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عیراق فەرمانێكی دیوانی لەبارەی میكانیزم و ئەركی تازەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشە‌كان دەركردووە. تێدا ئاماژە بە نوێنەرایەتی بەشداری  هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەناو ئەو فەرماندەییە كراوە. 

دووپاتی كردووەتە، بەرای گشتیی رادەگەینین، لەكاتی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە 23ی مانگی شەش لەلایەن شاندی هەرێمەوە داوای نوێنەرایەتی هێزی پێشمەرگە لەو فەرماندەیە كرا‌، "ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە تا ئێستە ئەو فەرمانەمان بەشێوەیەكی فەرمی پێنەگەیشتووە، هەر كاتێك لەرێی پێوەندیەكانی حكوومەتی هەرێمەوە بگات، ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت و لە ئەنجوومەنی بەرگری وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ لەسەر میكانیزم و دەسەڵاتەكان و شێوازی كاری ئەو فەرماندەیەو نوێنەرایەتی پێشمەرگە دەكرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو كارە پێویستی بە رەزامەندی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، تا نوێنەری فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ دیاری بكرێت.

دوێنی سەرۆك وەزیرانی عێراق گۆڕانكاری لە پێكهاتەی فەرماندەیی‌ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا كرد و وەزارەتی پێشمەرگەیشی خستە نێو پێكهاتەی فەرماندەییەكەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم