لە بەرانبەر وەرگرتنی فۆڕمی زانكۆلاین 25 هەزار دینار لە قوتابیان وەردەگیرێ

:: PM:04:49:16/09/2019 ‌
چەند قوتابخانەیە لە بەرانبەر فۆڕمی خوێندنی پاڕالێل 25 هەزار دینار لە قوتابیان وەردەگرن و گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵایش دەڵێت، فۆڕمی پاڕالێل تەنیا لە تۆماری زانكۆ و پەیمانگاكان دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئەیلوول، سارا جەلال دەرچووی قۆناغی 12ی ئامادەییە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی زانكۆلاین لەگەڵ چەند قوتابیەكی تر سەردانی قوتابخانەكەی خۆی كردووە بەهۆی ئەوەی نمرەكەی كەمە ناتوانێت لە سیستەمی زانكۆلاین فۆڕم پڕبكاتەوە، بۆیە ناچارە فۆڕمی خوێندنی پاڕاڵێل پڕ بكاتەوە. ئەو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە قوتابخانەی خۆم چوومە ژوورەوە بۆئەوەی فۆڕمی خوێندنی پاڕالێل پڕ بكەمەوە، پێیان گوتم دەبێت 25 هەزار دینار بدەم بۆ وەرگرتنی فۆڕمەكە.

ماوەی چەند ساڵێكە وەزارەتی خوێندنی باڵا كار بەسیستەمی زانكۆلاین دەكات بۆ ئەوەی قوتابیان بە ئاسانی لەماڵەوە فۆڕمی زانكۆ و پەیمانگاكان پڕ بكەنەوە، لەگەڵ ئەوە چەندان سەنتەر و قوتابخانە بە پارە فۆڕم بۆ قوتابیان پڕ دەكەنەوە.
 
لای خۆیەوە عەباس ئەكرم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ "وشە" گوتی، فۆڕمی پاڕاڵێل تەنیا لە تۆماری زانكۆ و پەیمانگاكان دابەش دەكرێت یان هەندێَََك لەبەشەكان خۆیان خوێندنی ئێوارە دەكەنەوە فۆڕمی پاڕاڵێل  دابەش دەكەن.

عەباس گوتی" ئێمە فۆڕممان نییە بە شێوەی كاغەز بۆ ئەوانەی تازە دەرچووی ئامادەیین، بەڵكو بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕمی پاڕالێل پڕ دەكرێتەوە".

بۆ ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی وەرگرتنی بە سێ شێوازە خوێندن بە خۆرایی كە  24 هەزار و  784 كورسیە، بۆ خوێندنی پاڕاڵێل كە 10 هەزار و 514 كورسیە، هەروەها بۆ ئێواران 11 هەزار و 577 كورسییە، كۆی گشتی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ حكوومەیەكان 46 هەزار و 875 كورسی خوێندنە. هاوكات كورسی خوێندن لە زانكۆ ئەهلییەكان بریتییە لە 23 هەزار و 713 كورسی كە هەر یەك شێواز خوێندنی تێداییە.

 



وشە - زریان تەها