مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی كۆكردنەوەی داهاتەكانی كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو. سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە حكومەت كار لە سەر ئەوە بكات هاوسەنگی هەبێت لەنێوان داهات و خەرجییەكان بە شێوەیەك لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بێت.
دووپاتیشی لەوە كردەوە كە دەبێ دادپەروەری لە خەرجكردنی داهات بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت و گوتی، كارو ئەركی ئێمە بەرگریكردنە لە مافی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و رێكخستنەوەی باج و گومرگەكان و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان كرا، لە كۆتاییدا سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لە سەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان كردەوە پێش هاتنی وەرزی زستان.