وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەدەغە كردنی هاوردەكردنی هەنگوینی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئەیلوول، بێگەرد دڵشاد وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 60 هەزار پەنجە ماسی خستە ناو ئاوی بەنداوی سماقولی و لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، بەرهەمی ناوخۆیی ماسی (40%)ی پێداویستی ناوخۆ دابین دەكات و (60%)ی هاوردە دەكرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پەرەپێدانی بەرهەمە خۆماڵییەكاندا، (100) هەزار پەنجە ماسی-مان بەسەر جووتیاراندا دابەش كرد.
ڕوونیشی كردەوە كە هەر بەرهەمێكی ناوخۆ بەشی پێویستی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و خواستی هاووڵاتییان دابین بكات، هاوردەكردنی قەدەغە دەكرێت.
دووپاتیشی كردەوە كە لە ئەمڕۆوە هاوردەكردنی هەنگوین قەدەغە دەكرێت، چونكە ئەمساڵ رێژەیەكی باش لە هەنگوین لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بەرهەمهاتووە.