سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگریی ئاشكرای ده‌كات، ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ته سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی له ناوچه‌ی به‌قیق، له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه له عێراقه‌وه نێردراوه، ئه‌م زانیارییه ئه‌گه‌ر ڕاست بێت، به ته‌واوی پێوه‌ندییه‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵ واشنتن و ڕیاز ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م (16ی ئهیلوول) له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رپه‌رچی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی دایه‌وه كه ده‌گوترێ، هێرشی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆ، له خاكی عێراقه‌وه كراوه و له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند، ئه‌وان پابه‌ندن به پابه‌ندبوونی ده‌ستووریی خۆیان كه ڕێگه نه‌ده‌ن خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه سه‌ر هیچ دراوسێیه‌ك به‌كار بێت و حكوومه‌ت به توندی سزای هه‌ر كه‌س و لایه‌ك ده‌دات كه بیه‌وێ ده‌ستوور ببه‌زێنێ.
وێڕای ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی حكوومه‌تی عێراق، له ڕاپۆرتێكدا، ته‌له‌ڤزیۆنی "سی ئێن ئێن"ـی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرای كرد، ئه‌و هێرشه به فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان (درۆن) له عێراقه‌وه كۆنتڕۆڵ كراوه نه‌وه‌ك یه‌مه‌ن، وه‌ك چۆن هه‌ندێك ئاژانسی تر بڵاویان كردبووه‌وه، هه‌ر بۆیه زوو حكوومه‌تی عێراق وه‌ڵامی دایه‌وه.
مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له توویتێكدا ڕای گه‌یاند، ئێران له‌پشت نزیكی 100 هێرشه‌وه‌یه بۆ سه‌ر شانشینی عه‌ره‌بستانی سعوودی، له كاتێكدا ڕووخانی و زه‌ریف داوای دانوستان و دیبلۆماسییه‌ت ده‌كه‌ن. وێڕای هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ی له ئێران ده‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی باری ته‌ناهی ههڵنهكشێنێ، ئه‌وان به‌رده‌وامن و هێرشێكی ئاوا ده‌كه‌نه سه‌ر شوێنێكی هه‌ره گرنگی وزه له دنیادا، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش نییه ئه‌و هێرشانه له یه‌مه‌نه‌وه كرابێت".
ئه‌م گوتانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ڕوونه كه وڵاته‌كه‌ی پێی وایه هێرشه‌كه له عێراقه‌وه كراوه و نا ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی تۆمه‌ت بۆ سه‌ر به‌غدا درێژ ده‌كات. هه‌ر پۆمپیۆ له توویتێكی تری تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ردا نووسیویه‌تی: داوا له هه‌موو وڵاتان ده‌كه‌ین، ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئێران زۆر به ڕوونی بكه‌ن، ئه‌مه‌ریكاش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیدا كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گره‌نتیی بازاڕی وزده له دنیادا نه‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسییه‌وه و لێپێچینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌مه كاره له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كرێ.
ئه‌مه‌ریكا، پێشوه‌خته هه‌موو پشتگیرییه‌كی بۆ سعوودیه ده‌ربڕیوه و ئه‌وه‌ش ڕوونه كه ده‌ستی تۆمه‌ت ڕاسته‌وخۆ بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ كراوه، ئه‌وه‌یش تا ڕاده‌یه‌ك ڕوونه، ئه‌گه‌رچی عێراق ده‌یه‌وێ چاكی بكاته‌وه، ئه‌و هێرشه له‌و وڵاته‌وه كراوه‌ته سه‌ر سعوودیه.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ڕاسته‌وخۆ دوای هێرشه‌كه له توویتێكدا ڕای گه‌یاند: ئه‌مه‌ریكا ده‌زانێ كێ له‌پشتی ئه‌و هێرشه‌ی سه‌ر كۆمپانیا نه‌وتییه‌كه‌ی سعوودیه‌وه‌یه، به‌ڵام چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین عه‌ره‌بستانی سعوودی ئه‌نجامی لێكۆڵینهوهكانیمان بۆ ئاشكرا بكات، پێش ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێكی داهاتوو بهاوێژین.
هه‌روه‌ها له توویتێكی تردا تره‌مپ ده‌ڵێ، ئێمه له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیداین و پشت به‌و لێكۆڵینه‌وانه ده‌به‌ستین، ئه‌وان پێیان وا بێت چ لایه‌نێك له‌پشت ئه‌و هێرشانه‌وه بێت، به هه‌ر هۆكارێك بێت، ئێمه ڕاسته‌وخۆ جووڵه‌ی خۆمان ده‌ست پێ ده‌كه‌ین. ئه‌مه‌ش جاری یه‌كه‌مه به شێوه‌ی ئاماژه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باسی هێرش بكات، بۆیه چاوه‌ڕێ ده‌كرێ، هه‌نگاوی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا، قۆناغێكی سه‌ختتری پێوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران به‌ڕێوه ببات.
وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، ڕای گه‌یاند كه ئه‌وان له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه بوون، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی كه له ڕاپۆرتێكی "سی ئێن ئێن" ئاشكرای كردووه، ده‌ڵێ، پێشبینی ده‌كه‌ین هێرشه‌كه له‌ناو خاكی عێراق یان خاكی ئێرانه‌وه كرابێت.
لای خۆیه‌وه، محه‌مه‌د كوڕی سه‌لمان، جێنشینی شای سعوودیه ڕای گه‌یاند، سعوودیه له توانایدایه به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشه بداته‌وه و هه‌ر لایه‌نێك بێت ئه‌وان به هه‌موو توانایه‌كی سه‌ربازی كه هه‌یانه له‌ناوی ده‌به‌ن. هه‌روه‌ها جێنشینی سعوودیه ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به ئه‌مه‌ریكاوه كردووه و پێی گوتوون، ئه‌وان گومانی ته‌واویان له‌سه‌ر ئێرانه، به‌ڵام هێشتا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن.
گومانی گه‌وره بۆ سه‌ر ئێران، به‌هۆی له‌ده‌ستدانی بازاڕی نهوهتهكهیانهوهیه كه ئه‌مه‌ریكا به ته‌واوی ڕێگه‌ی له كڕیاره‌كانی گرت كه نابێ چیتر نه‌وتی ئه‌و وڵاته بكڕن و پێداویستیی خۆیان ده‌بێ له ڕێی سعوودیه و چه‌ند وڵاتێكی تره‌وه پڕ بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش وای كردووه، چاوه‌ڕێ بكرێ ئێران له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه بێت.
تا كۆتایی مانگی ئایاری ئه‌مساڵیش، ئێران ڕۆژانه نزیكی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده كردووه، به سێ مانگ، ئه‌مه‌ریكا هه‌موو شتێكی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی یه‌كلا كرده‌وه و فرۆشی نه‌وته‌كه‌ی به ته‌واوی هێنایه خواره‌وه و هه‌موو ئه‌و لێخۆشبوونانه‌ش كه بۆ چه‌ند وڵاتێكی دانابوو له‌گه‌ڵ ئێران بازرگانی بكه‌ن، ئه‌وانیشی ڕاگرت و وڵاته‌كه‌ی خسته ته‌نگژه‌ی ئابووریی گه‌وره‌وه كه ڕه‌نگه له مێژوویدا هێنده‌ی ئێسته له گرفتدا نه‌بووبێ، چونكه ئێسته وه‌ك سه‌رده‌می نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراقیش نییه كه ڕۆژانه پاره‌ی بودجه‌ی عێراق ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌كه ده‌كرا و بۆ 200 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده ده‌كرێت.