بەرپرسێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەسەر دەرهێنانی گورچیلە لە نەخۆشخانەیەكی تایبەت لەلایەن پزیشكێكەوە، دۆسیەكە دراوەتە دادگا.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی ئەیلوول، محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كەسوكاری گەنجێك سكاڵایان لەسەر نەخۆشخانەیەكی تایبەت و پزیشكێك تۆمار كردووە كە گورچیلەیان دەرهێناوە و فرۆشتوویانە.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی، كەیسەكە ڕەوانەی دادگا كراوە و ئەو كەسەشی گورچیلەی دەرهێنراوە هەڵخەڵەتێنراوە و كەسوكاری سكاڵایان لەسەر نەخۆشخانەكە و پزیشكەكە تۆمار كردووە.
ئاشكرای كرد، كڕین و فرۆشتن بە گورچیلە و جەستەی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان هێشتا چەند دانەیەك تۆمار كراوە و نەبووە بە گرووپ و باند ئەو كەسانەشی ئەو كارەیان كردووە، هەندێكیان خەڵكی هەرێمی كوردستان نین.
دەرهێنان و فڕۆشتنی گورچیلەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، ئەوەیش وایكردووە چەندان كەیس بدرێت بە دادگا و دوێنێش گرووپێكی كڕین و فڕۆشتنی گورچیلە لە سلێمانی گیران.