وەزیری ناوخۆ: لێكنزیكبوونەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە

:: AM:11:55:17/09/2019 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات لە نێوان هەولێر و بەغدا لێكنزیكبوونەوە هەیە و هیوادارین بە زووترین كات هەواڵی خۆش ڕابگەیەنرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی ئەیلوول، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەنگاوی باشمان بڕیوە و لێكتێگەیشتنی زۆر باش هەیە لە نێوانماندا، بەتایبەت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، هیوادارین بەزووترین كات بگەینە هەنگاوی باش و هەواڵی خۆش هەبێت.

وەزیری ناوخۆ گوتی، ئەمڕۆ شاندێكی تەكنیكی هەرێمی كوردستان بۆ بابەتی دارایی سەردانی بەغدا دەكەن تا لەگەڵ تیمی حكوومەتی عێراق گفتوگۆ ئەنجام بدەن تایبەت بەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو.

ئاشكرای كرد، بەهۆی سەردانی سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران و هاتنی سەرۆك كۆمار بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو سەردانە شاندە تەكنیكییە دواخرا بۆ كاتێكی تر.

لێكنزیكبوونەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنی نێوانی هەردوو حكوومەت نزیك بووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد