گەنجێک خۆی کوشت و گەنجێکی تر درایە بەر فیشەک

:: PM:01:47:18/09/2019 ‌

گەنجێک بەهۆی دەستکورتییەوە خۆی کوشت و تەرمی گەنجێکی تر لە نزیک ماڵی خۆیان دەدۆزرێتەوە و پۆلیسیش دەڵێ، ئاسەوارە گولە بە جەستەیەوە دیارە.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، عەلی حەیدەر ئەفسەری هەواڵگری پۆلیسی پارێزگای دیالە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە گوندی حەمای سنووری شارەدێی مەندەلی لكێنراو بە شارۆكەی بەلەدروز گەنجێك بەچەك خۆی كووشت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هۆكاری خۆكوشتنی ئەو گەنجە بۆ بێكاری و خراپی باری دەروونی گەڕاوتەوە و تەمەنی سەروی / 25 ساڵ/ بووە.

عەلی حەیدەر دووپاتی دەکاتەوە، هەر ئەمڕۆ چەند کەسێکی نەناسراو گەنجێک لەناو مەندەلی دەکوژن و تەرمەکەی لە نزیک ماڵیان بەجێ دەهێڵن و ئاسەواری فیشەکی بە جەستەوە دیارە.

"ئەو گەنجە تەمەنی /22 ساڵە/ و بۆ ئاشکراکردنی بکوژان و هۆکاری کوشتنەکەی پەڕاوی لیکۆڵینەوە کراوەتەوە و پۆلیس دەستی کردووە بە لیکۆڵینەوەکان" عەلی حەیدەر وای گوت.

سەبتی مەندەلاوی، بەرپرسی كۆمیتەی حزبی شیوعی لە مەندەلی بۆ "وشە" دەڵێ، ئەو گەنجەی خۆی كوشتووە بە بەرچاوی باوكییەوە فیشەكی بەخۆیەوە ناوە و ئەوەیش وای کردووە باوکیشی دۆخی دەروونی نا جێگیربێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان