حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی سەرجەم شارەوانییەكانی پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكان ئاگەدار دەكاتەوە سەرجەم ئەو زەوییانەی بەكرێیان داوە، بەخێرایی ئامارێكمان بۆ بنێرن.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی ئەیلوول، بەپێی نووسراوێكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هاتووە، پێویستە سەرجەم شارەوانییەكانی پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكان لە ماوەی 20 ڕۆژ ئاماری سەرجەم ئەو زەوییانە بنێرن كە بۆ ماوەیەك بە هاووڵاتییان دراون.
ڕوون كراوەتەوە، زانیاری تەوامان دەوێت لەسەر ئاماری تەواوی گرێبەستەكان و ئاماری ئەو پڕۆژانەی لەلایەن وەزارەتەكانەوە بە گرێبەست دراون و دواتر تەملیك كراون.
نووسراوەكە ئەوەشی تێدا باس كراوە، پێویستە ئاماری ئەو پڕۆژانە بە گرێبەست دراون دواتر كراونەتە پڕۆژەی وەبەرهێنان، لەگەڵ چەند پڕۆژەی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرە تۆمار كراون لە ماوەی 20 ڕۆژ ڕەوانە بكرێت.
هەرچی وەزیری شارەوانییە نووسراوەكەی ئاراستەی سەرجەم پارێزگارەكانی كردووە لەگەڵ بەڕێوەبەری یەكە ئیدارییەكان و داوا دەكرێت لە چوار لیست ئەو داواكارییانە بهێنرێن.