عەدنان ئۆكتار بانگخوازە بەناوبانگەكەی توركیا كە بە تۆمەتی بەكارهێنانی منداڵان لە رووی سێكسی و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان و سیخوڕی سیاسی و سەربازی لەلایەن دادگای تاوانی توركی گیراوە، لە بەردەم دادگا رای گەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە هەموو كارەكانی دەزانێت و بەردەوام سەردانی ماڵەكەمی كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، عەدنان ئۆكتار بانگخوازە توركەكە لە بەردەم دادگا نهێنییەكی ئاشكرا كرد كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە هەموو كارەكانی دەزانێت و بەردەوام سەردانی ماڵەكەی كردووە.
ئەو قسەیەی ئۆكتار، بە زوویی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە توركیا بڵاو بووەوە و هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە، ئەگەرچی ئۆكتار مەبەستی بووە بڵێ پێوەندی لەگەڵ ئاكپارتی هەیە و هۆكاری شكستی ئەو حزبەش لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ، گرتنی ئەو بووە.
ئۆكتار كە یەكێكە لەو كەسایەتییانەی توركیا زۆرترین مشتومڕی لەسەرە و بە بانگخوازی سەماكارەكان ناسراوە، خۆی و 226 لە هەوادارانی ساڵی رابردوو، بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان و ژنانی سەماكار و سیخوڕی سیاسی و سەربازی و چەندان تۆمەتی تر گیران.
ئۆكتار لەو كاتەی لەبەردەم دادوەر ویستوویەتی بەرگری لە خۆی بكات و پارێزەران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، پێوەندی بە سەرۆك كۆماری توركیا ئاشكرا كرد و ئەمەش بووە سوپڕایز بۆ ئامادەبووانی دادبینییەكە.
ئۆكتار هەمیشە لە بەرنامە تەلەڤزیۆنەكاندا وەك بانگخوازێكی شەریعەتی ئیسلامی لە باوەشی چەندان ژنی سەماكار و هونەرمەند بە جلی وروژێنەر بە دیار دەكەوت، ئۆكتار ئەوانی بە پشیلەی خۆی بانگ دەكردن.
ئۆكتار 95 خانووی هەبوو بۆ هەموو ئەوانەی دەبوونە هەواداری، زۆر لە دەوڵەمەندەكانی توركیا كۆمەكیان دەكرد بۆ گێچەڵكردن بە ژنان، ئەویش هەوڵی دەدا لە رێی ژنە سەماكارەكانەوە، گێچەڵ بە كەسایەتییە تورك و بیانییەكان بكات كە هەژموونیان هەیە.
یەكێك لە رەفتارەكانی ئۆكتار بەرانبەر بە ژنە سەماكارەكان، سزادانیان بوو بە ئەنجامدانی سێكس لەگەڵ 20 پیاو لە ماوەی 24 سەعاتدا، ئەو جۆرە سزادانە، تەنانەت ئەو منداڵانەشی دەگرتەوە كە ئۆكتار لە ماڵەكانیدا بەندی كردبوون.
بەگوێرەی ددانپێدانەكانی لە گرتووخانە، دەڵێ پێش بەكارهێنانی مۆبایلەكەی یان سەعاتەكەی، هەمیشە بە خواردنەوە كحوولییەكان پاكی دەكردنەوە.