راوێژكارە نوێیەكەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا كێیە؟

رۆبەرت ئۆبراین
:: PM:09:53:18/09/2019 ‌
دواجار دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بڕیاریدا رۆبەرت ئۆبراین وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە جێگەی جۆن بۆڵتن دەستنیشان بكات كە هەفتەی رابردوو لەو پۆستە دووی خستەوە. ئۆبراین، دەبێتە چوارەمین كەس لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەو پۆستە وەربگرێت، پاش هەر یەكە لە مایكل فلین، ئێچ. ئاڕ. ماكماستەر، جۆن بۆڵتن.

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بارەی رۆبەرت ئۆبراین دەڵێ، سەرەتای كاری پیشەگەری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی بەرپرسی یاسایی بووە لە لیژنەیەكی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە دوای جەنگی كەنداو تۆمەتی خستە پاڵ عێراق.

شارەزایی سەربازی و یاسایی ئۆبراین، وایكرد شایانی ئەوە بێت چەندان پۆستی باڵا لە حكوومەتی ئەمەریكا لە سەردەمەكانی جۆرج بۆشی كوڕ و باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ وەرگرێت. ئۆبراین، جەنەڕاڵی پێشتری هێزی یەدەگی سەر بە هێزی دەریاوانی ئەمەریكی بووە، پارێزەریش بووە و زانكۆی كالیفۆرنیای تەواو كردووە.

لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئۆبراین چەندان دادوەر و پارێزەر و داواكاری گشتی ئەفغانی راهێنان پێكردوون بە مەبەستی چاكسازی لە سیستەمی دادوەری ئەفغانستان، هاوكات یارمەتی خوێندكارانی بەشی یاسایی ئەفغانەكانی داوە كە پێوەندی بە زانكۆكانی ئەمەریكا بكەن.

جۆرج بۆشی كوڕ، وەك نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 2005 دەستنیشانی كرد، لەوێ لە تەك جۆن بۆڵتن كە باڵوێزی ئەمەریكا بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان كاری كردووە.

لە نێوان ساڵانی 2008 و 2011، وەك ئەندام لە لیژنەی راوێژكاری خاوەنداریەتی هزری رۆشنبیری دەستنیشان كرا، لەوێ راوێژی و پێشنیازی دەدایە حكوومەتی فیدڕاڵی ئەمەریكی لە بارەی دزینی شوێنەوار و شتی تر لە خاوەنداریەتی رۆشنبیری.

ئێستە رۆبەرت ئۆبراین، نێردەی تایبەتی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری رفێنراوان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەركی ئۆبراین پێشكەشكردنی پێشنیازە پێوەند بە رفێنەران لەسەر ئاستی جیهان، هاوكات كار لەسەر پێشخستنی ستراتیجیەتی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسەكانی رفاندن دەكات.

رۆبەرت لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ناوی لە میدیاكانی ئەمەریكا زۆر هات، كاتێك رۆڵی بینی لە ئازادكردنی (ئیساب روكی) گۆرانبێژی ڕاپی ئەمەریكی كە لە سووید بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی گیرا بوو.

ئۆبراین هاوكات لە تیمی راوێژكاری تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكی كاری كردووە لە هەڵمەتی پڕوپانگەندەی میت رۆمنی كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە ساڵی 2012 كە بەرانبەر بە باراك ئۆبامای كاندیدی دیموكراتەكان شكستی هێنا.

هاوكات راوێژكاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی بووە بۆ سكوت وۆكەر حاكمی پێشتری ویلایەتی ویسكنسون لە 2015. ساڵی دواتر، خۆی و ستیڤن لارسن دادوەری پێشتری فیدڕاڵی، كۆمپانیا (Larson O'Brien LLP)ـی بۆ خزمەتگوزاری پارێزەرایەتی لە شاری لۆس ئەنجلۆس دامەزراند، كە چالاكی ئەو كۆمپانیایە لەسەر كێشەكە و ململانێیەكان و ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، لەم پرسەدا شارەزایەكی باشی هەیە و بەشدار بووە لە 20 دۆسیە لەسەر ئاستی جیهان.

دوای بڕیاری دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن لە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، رۆبەرت ئۆبراین، هاوشانی چەندان ناوی تر، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ناوی هاتووە. ئەو لەلایەن لینسی گراهام سیناتۆری بەناوبانگی كۆمارییەكان و كەسایەتی نزیكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، پشتگیری لێكرا.

گراهام لە بارەی ئۆبراین دەڵێ، لە شوێنە مەترسیدارەكانی دنیا تێدەگات و خاوەن توانایەكی دانوستاندنی گەورەیە، ئەمەش لە دانوستاندنەكانی پێوەند بە زرگاركردنی رفێنراوان لەماوەی كار كردنیدا، لێی بینراوە، بۆیە پێم وایە لەو پۆستەدا سەركەوتوو دەبێت.

بە پێچەوانەی جۆن بۆڵتن كە زۆرێك لەوانەی لە ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ كار دەكەن، پێیان وابوو ناگونجێت لەگەڵیان و دواتریش ترەمپ هەر بەوە تۆمەتباری كرد، بەڵام ئیدارەكەی ترەمپ لەسەر ئۆبراین دەڵێ، ئۆبراین پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ هاوڕێكانی لە وەزارەتی دەرەوە و پنتاگۆن. بەرپرسێكی ئیدارەكەی ترەمپ دەڵێ، ئەو خاوەن رەوشتێكی دۆستانەیە بە پێچەوانەی بۆڵتن.

هاوكات نید برایس گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە سەردەمی باراك ئۆباما دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ پاش بەرگە گرتنی جۆن بۆڵتن، بۆ ئەو پۆستە چیتر بەرگەی كەسایەتییەكی بەهێز یان ئایدۆلۆجی ناگرێت، بۆیە رۆبەرت ئۆبراینی دەستنیشان كردووە.
 
بەپێچەوانەی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ، ئەوانەی دەرەوە رەخنەی ئەوە لە ئۆبراین دەگرن كە كەسایەتییەكی لاوازە بەرانبەر بەو پۆستە باڵایە. رۆژنامەی "یو ئێس ئەی تودەی" دەڵێ، هەندێك پێیان وایە دەستنیشانكردنی ئۆبراین بۆ ئەو پۆستە، كەم كردنەوەیە لە گرنگی پۆستەكە، ئاماژە بۆ هەژموونی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە دەكات بەسەر رۆبەرت ئۆبراین كە پێشتر بەرپرسی ئەو بووە لە وەزارەتی دەرەوە.
 
رۆبەرت ئۆبراین، ئێستە بووە بە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، ئەمەش لە كاتێكدایە واشنتن رووبەڕووی چەندان دۆسیەی گرنگ لەسەر ئاستی جیهان بووەتەوە، لەوانە چەكی ناوكی كۆریای باكور، دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و بارگرژییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە، جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین و دۆسیەی ئاشتەوایی لە ئەفغانستان و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


وشە - فه‌رمان سادق