هونەرمەندێك وێنەی كەسایەتی و شاعیران لەسەر كریستاڵ هەڵدەكۆڵێت

:: AM:10:11:20/09/2019 ‌
هونەرمەندێك لە شاری هەڵەبجە، زیاتر لە 31 ساڵە لە بواری شێوەكاری كار دەكات، بەڵام چوار ساڵە لەسەر كریستاڵ و شووشەی ناسك وێنەی كەسایەتی و شاعیر و هونەرمەندان هەڵدەكۆڵێت. وەك خۆی دەڵێت "لەسەر ئاستی كوردستان یەكەم كەسە ئەو كارەی كردبێت و كار لەسەر ناسكترین ماتریاڵ بكات بۆ كێشانی وێنەكانی".

كاربین عومەر /49 ساڵ/ ئەو هونەرمەندەیە كە هەر لە هەڵەبجە لەدایك بووە. ئەو لە 18 ساڵییەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە، سەرەتا لە ڕێی قەڵەم جاف و دواتریش بە فڵچە و بۆیەی ئاویی تابلۆی سروشت و كەسایەتی و كەلوپەلەكانی چواردەوری و كاریكاتێری كێشاوە.

كاربین وەك خۆی دەڵێ، زیاتر لە چوار ساڵە لەسەر كریستاڵ وێنەی كەسایەتییە دێرینەكانی كورد و خاتوونە شۆڕشگێرەكان و هونەرمەندان و شاعیرانی گەورەی كورد هەڵدەكۆڵێت. 

كاربین عومەر بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، "تاكە كەسم ئەم داهێنانەم كردووە، بەڵام لەم هەرێمەی خۆمان داهێنان هیچ بەهایەكی نییە و گرنگی پێ نادرێت، هەروەها حەز دەكەم وێنەی كەسایەتییەك یان هونەرمەندێك لەسەر كریستاڵەكان هەڵكۆڵم كە توانیبێتی جێ دەستی لە مێژووی ژیان و هونەری كوردیدا هەبووبێت".

ئەو پێی وایە ئەم كارەكە قورسە چونكە شووشە ناسكە و مامەڵەكردن لەگەڵیدا ئاسان نییە، پێویستی بە وردی و دەستڕەنگینی هەیە. بەگوتەی خۆی "خەڵكم بینیوە لەسەر تەختە و دار وێنەی هەڵكۆڵیوە، بەڵام هیچ كەسم نەبینیوە لەسەر شووشە ئەم كارە بكات و شان لە شانی بدات".

كاربین یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی هاوكار لە ساڵی 1994 كە خۆی بەڕێوەبەری بووە، ئەو قوتابخانەیەدا  كە سەرجەم بوارە هونەری و ئەدەبییەكانی لەخۆ گرتووە، لە بواری ڕاگەیاندنیشدا ساڵانێك لە تەلەڤزیۆندا كاری كردووە و ئێستە ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە.

جگە لە كاری وێنەكێشان لەسەر كاغەز و كریستاڵ، وێنە لەسەر دار و دەرگە و دیوار و كەلوپەلەكان دەكێشێت، لە تازەترین كاریشیدا دەستی داوەتە دیزاینكردنی باخچە و حەوشە و جوانكردنی بە شێوازێكی هونەرییانە و بۆ هەر كەسێكیشی دەكات كە داوای لێ بكات.

ئەو شێوەكارە خاوەنی دەیان پێشانگەی تایبەتە و توانیوییەتی كارەكانی لە پێشانگەی هاوبەشیشدا بخاتە ڕوو. خۆی دەڵێت، تا ئێستە زیاتر لە دە پێشانگەی تایبەتم كردووەتەوە و بەشداریم لە دەیان پێشانگەی هاوبەشدا كردووە لە هەرێمی كوردستان و شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، یەكەمین پێشانگەیشی لە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە كردووەتەوە.

كاربین دڵگرانە لەوەی هونەر گرنگی پێ نادرێت و ئاماژە بەوە دەكات، "هونەر هیچی بە من نەبەخشیوە وەك داهات، بەڵكو گیرفانیشمی هەڵتەكاندووە، چونكە زۆربەی كەلوپەلەكان دەكڕم و هیچ كەسێكیش پاڵپشتی هونەریم نەبووە".

وشە/ سلێمانی- ئاریان محەمەد









وشە - تایبه‌ت