بڕیارە ڕۆژی یەكشەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی پۆستی وەزیری كاروباری پێكهاتەكان دیاری بكات و ئەركەكەی دەستنیشان بكات.
ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئەیلوول، ئایدن مەعرووف ڕاسپێردراوی وەزیر لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕەنگە ڕۆژی یەكشەم وەكو وەزیری كاروباری پێكهاتەكان دیاری بكرێم.
ئەو وەزیرە گوتی، دیار نیە جارێ فایلی كاركردنم چۆنە و لەسەر چ شێوەیەكی كاركردن كار دەكەم بۆ كاروباری پێكهاتەكان.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی سێ پلەی وەزیری هەرێم لەخۆ دەگرێت كە ڤاڵا فەرید ئەركی وەزیری هەرێم بۆ پێوەندییەكانی نێوان حكوومەت و پەرلەمانی پێسپێردراوە و لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم، خالید شوانی پۆستەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ دانووستانەكانی نێوان عێراق و هەرێم دیاری كرا لە ژێر ڕێنوێنییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران.
بڕیارەیشە لە رۆژی یەكشەمی ئەو هەفتەیە ئایدن مەعرووف پۆستەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان دیاری بكرێت.