لە سلێمانی نابینایەكی دەستڕەنگین كەسانی تر فێری بەهرەكەی دەكات

:: PM:12:17:20/09/2019 ‌
"دێكان" سەرەڕای ئەوەی بینایی چاوی لێ تاریك كردووە، بەڵام دەستڕەنگینی و كارە ناوازەكانی كەسانی ئاسایی سەرسام كردووە و رووناكی خستووەتە هزرییەوە. ئەم كچە بەهرەمەندە دەستڕەنگینییەكەی لە خۆیدا قەتیس نەكردووە و لە ڕێی كردنەوەی خولەوە هەوڵی فێركردنی كچان و ژنانی نابینا دەدات.

دێكان یاسین /23 ساڵ/ خوێندكاری قۆناغی 12ی ئامادەییە و دانیشتووی شارۆكەی عەربەت سەربە پارێزگای سلێمانییە، لە منداڵییەوە دەستڕەنگین بووە و زیاتر لە سێ ساڵە ئەم بەهرەیەی كردووە بە پیشەی خۆی، لەو ماوەیەشدا پێشانگە و خولی تایبەت بە دەستڕەنگینی كردووەتەوە .

لەبارەی كارەكانیەوە دێكان بۆ "وشە" دەڵێت، "ئێمەی نابینا سەرنجمان زیاترە بۆ كارەكانمان و هەموو بیر و هۆشمان دەدەین بەو كارەی كە دەیكەین، بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی بیناییان تەواوە و لە كاتی كاركردن زیاتر چاوەكانیان بەكار دێنن. ڕاستە نابینام، بەڵام كارەكەم لا قورس نییە و تاكە ئاستەنگ كە دێتە پێشم، جیاكردنەوەی ڕەنگەكانە، ئەوەش بە هاوكاری كەسانی چاوساغ چارەسەر دەبێت".

ئەو لە كارەكانیدا مێخەكبەند و ملوانكە و دەستبیح و کۆمەڵێک کەلوپەلی جوانکاری ئافرەتان و ماڵان ئەو كارانەی بە قولاپ و شلیلە دەكرێن دروست دەکات، لە ماوەی سێ ساڵی كاركردنیدا بەشداری لە دوو پێشانگەی هاوبەش كردووە و جارێكیش خولی فێركردنی كاری دەستی كردووەتەوە كە تێیدا چەندان كچ و ژنی نابینا بەشدارییان كردووە. لە داهاتوویشدا هەوڵ بۆ فێركردنی كەسانی ئاسایی دەدات.

دێكان ئەم كارە بە پیشەی سەرەكی خۆی دانانێت و بۆ دابینكردنی بژێوی نایكات، چونكە لە پاڵ دەستڕەنگینییەكەیدا خوێندكارە و نایەوێ لە خوێندنەكەی دوا بكەوێت، زیاتر لە كاتی پێشانگەكاندا سەرقاڵی كاری دەستڕەنگینی دەبێت. خۆی گوتی "ئەو داهاتەی لە كاتی فرۆشتنی بەرهەمەكان لە پێشانگەكاندا دەستم دەكەوێت، زۆر كەمە و زۆر كات ناگاتە نرخی ئەو كەلوپەلانەی بۆ دروستكردنی بەرمەمەكانی بەكاریان دێنم.

جگە لەوەی دەستڕەنگینە، دێكان پێوەندی باشی لەگەڵ پەت و دەرزی و موروو و شیش و قولاپ هەیە، هاوكات شارەزایی لە بەرنامەی مۆبایلیشدا هەیە، بەتایبەت ئەو مۆبایلانەی تایبەتن بە نابینا و چەند خولێكیشی كردووەتەوە تا نابینایان فێری سیستمی مۆبایلەكە بكات.

لەم ساڵانەی دواییدا ژنان و كچان هەنگاویان نا بۆ كاركردن و پشتبەستن بە خۆیان تا ببن بە خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆیان، دێكان بۆ سەلماندنی توانا و دەرخستنی بەهرەكەی، زیاتر لە سێ ساڵە كاری دەستڕەنگینی دەكات و كچان و ژنانی نابینا فێری دەستڕەنگینی دەكات و هەوڵیش بۆ فێركردنی كەسانی ئاسایی دەدات.

وشە/راپۆرتی ئاریان محەمەد



وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌