بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری دهۆك لە قوتابخانەی ڕێباز یەكەمین زەنگی نوێى خوێندن لێدرا.
ئەمڕۆ شەموو 21ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات و بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قوتابخانەیەكی شاری دهۆك زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابییان و مامۆستایان دەكەم، پێویستە قوتابیان بزان خوێندن هۆكارێكە بۆ ئەوەی كەسایەتییەكی بەهێز بۆ خۆیان دروست بكەن.
سەرۆكی حكوومەت گوتی، پێشبردنی پەروەردە كاری هەموو لایەكە و لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت زیاتر گرنگی بە خوێندن دەدەین وە سوپاسی مامۆستایان دەكەین لە شەڕی داعش بەردەوام بوون و دەستبەردای پەروەردە نەبوون.
ڕوونی كردەوە، خوێندن سەرەتاییەكی باشە بۆ قوتابییان بۆ ئەوەی ژیانی داهاتووی خۆيان دابین بكەن و داهاتووی ئەو وڵاتە لە دەست قوتابییانە بۆیە ئەگەر لەسەر ئاستێكی باش خۆيان بنیات بنێن ئەوا لە داهاتوو زیاتر خزمەتی وڵات دەكەن.
لە كۆتایی پەیامەكەی گوتی، هیوای سەركەوتن بۆ هەمووتان داخوازم.