شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كولتوورە جیاوازەكان بەردەوامە

:: AM:10:04:21/09/2019 ‌

شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كولتوورە جیاوازەكان لە شاری ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و لە دووەم شەوی فێستیڤاڵەكەدا نۆ گرووپی نێودەوڵەتی هونەری كولتووری وڵاتەكانیان نمایش دەكەن.

فێستیڤاڵەكە لەلایەن سەنتەری ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كولتووری و بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە.

خالید قادر سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمشەویش شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كولتوورە جیاوازەكان لە ڕانیە بەردەوامە و نۆ گرووپ لە ماوەی 30 خولەكدا هونەر كولتووری وڵاتەكەیان نمایش دەكەن بە جلوبەرگی ڕەسەنی وڵاتەكەیانەوە، جا هونەرەكەیان بە هەڵپەڕكێ بێت یان سەما و موزیك و گۆرانی.

لەم فێستیڤاڵەدا 18 گرووپ لە نۆ وڵاتی دنیاوە بەشدارییان كردووە، ئەوانیش لە هیندستان و ئێران و ئەمەریكای لاتین و مەغریب و بەغدا و گرووپەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. ئامانج لە فێستیڤاڵەكەش لێكنزیكبوونەوەی وڵاتان و ئاشنابوونە بە كولتووری وڵاتانەوە.

ئەم فێستیڤاڵە لە ڕۆژی دووەم و سێیەمیشیدا لە سەعات هەشتی شەوەوە دەست پێ دەكات لە پاركی دەروازەی شاری ڕانیە و گرووپە بەشدارەكانیش لەم دوو شەوەی فێستیڤاڵدا كولتووری وڵاتەكانیان نمایش دەكەن.

دەستپێكی كارەكانی ئەمشەوی فێستیڤاڵەكە بریتیە لە پێشكەشكردنی چەند چالاكییەكی هونەری كە بریتین لە چالاكی گرووپەكانی  تیپی موزیكی رانیە، گرووپی دەریا دلان جنوب، تیپی  برایەتی  كەركووك، تیپی شاریای هونەری میلی  "ئێزیدی" ، تیپی موزیكی ئەمازیغی "نەجم سوس" لە مەغریب، دەستەی هەڵپەڕكێی نیشتمانی كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، نمایشی گرووپی هونەری سروست”  "هیندستان " و تیپی خوراسانی ئێران.

 
لە رۆژی سییەمی فێستیڤاڵەكەش ئەم چالاكییانە نمایش دەكرێت: تیپی  نیشتمانی هونەرە میلییەكانی عێراق، بەڕێوەبەرایەتی كەلەپوور و هونەرە میلییەكانی هەولێر، تیپی عەمون بۆ هونەر و كەلەپوور  لە ئوردن، گرووپی موزیكی نیگار بۆ نمایشی هونەری "مەكسیكی و ئەمەریكای رەسەن"، گرووپی نیشتمان بۆ رۆشنبیری و هونەر و فۆلكلۆر لە میسر.

سلێمانی /ئاریان محەمەد







وشە - سلێمان تاشان