هاوژین سەردار: بەهۆی تاتۆوە رووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە بوومەتەوە

:: PM:12:36:21/09/2019 ‌

خانمە ئەکتەر هاوژین سەردار تەمەن /30 ساڵ/ لەدایکبووی شاری هەولێرە و وەک خۆی ئاماژەی پی دەدات،هەر لە منداڵییەوە لەناو دنیای هونەر بووە و بۆ "وشە" دووپاتی دەکاتەوە، بە رۆح قەرزداری پەروین شازادەی دایکمم.

هاوژین سەردار بۆ "وشە" باس لە ئەزموونی کاری هونەری دەکات و دەڵێ، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ دایکم کاری نواندنم کردووە و لە بەرنامەی گەشتی کامێرە لەگەڵی بەشداریم دەکرد کە تەمەنم نزیک بە شەش ساڵان بوو، لە ساڵی 1999 لەگەڵ تیپی ھونەرە میللییەکان دەستبەکار بووم و وەک ئەندامی تیپ زیاتر لە 10 ساڵە بوومەتە ڕاھێنەر لەم تیپە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ڕۆژانە لەگەڵ دایکم دەچوومە "ھۆڵی گەل" چونکە مەشق و ڕاھێنانی ئەو تیپە لەوێ دەکرا، من زۆر ئارەزووم دەکرد لەگەڵیان بەشداری بکەم و سوپاس بۆ خودا کە ئاواتەکەم هاتەدی.

"جگە لە تیپە میللیەکان، من ماوەی سێ ساڵە گۆڵپارێزی یانەی هەولێرم لە یاری تۆپی دەست و خزمەتی وەرزش و یانەی هەولێر دەکەم" هاوژین وای گوت.

ئەو خانمە ئەکتەرە پیی وایە فەزای هونەری و بەتایبەت بواری نواندن لە رێڕەوی خۆی لایداوە و دەڵێ، بە داخەوە بواری نواندن بۆتە خزمایەتی و ھاوڕێیەتی نزیک، واتە ئەگەر بتەوێت لە فیلمێک یاخود درامایەک بەشدار بیت، سەرەتا دەبێت پێوەندیت لەگەڵ دەرھێنەر یاخود بەڕێوەبەری کارەکە زۆر باش بێت و منیش ئامادە نیم بەم شێوازە بەردەوام بم.

هاوژین ماوەیەکە لە نواندن دوور کەوتووەتەوە و ئیستەیش پێی وایە دەبێ گۆڕانکارییەکی نوێ روو بدات بۆ گەڕانەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەدات، تاکە شت من بگەڕێنێتەوە بواری نواندن، دەبێت کارێکی زۆر گەورە یاخود زۆر جیاواز بێت ئەوکات بڕیار دەدەم بگەرێمەوە ناو دنیای نواندن.

لە نێوان ئەوەی حەز دەکات بە خانمە وەرزشوان ناو ببرێت یاخود هونەرمەند هاوژین دەڵێ، هەردوو بوارەکەم خۆش دەوێت، چونکە وەرزشیش جۆرێکە لە هونەر، بەڵام بە جوڵەی جیاوازتر و هێما بۆ ئەو حەزە زۆرەی دەکات کە بۆ تاتۆ هەیەتی و ئاشکرای دەکات، تاتۆ حەز و ئارەزووی من بووە، بۆیە تووشی زۆرترین ڕەخنە بوومەتەوە.

هاوژین سەرباری ئەوەی وەک ئەکتەر و هونەرمەند ناسراوە، کچی خانمە ئەکتەری ناسراو، پەروین شازادە و لەبارەی دایکییەوە بەو شێوەیە دەدوێ، "شازادەی دایکم ئەم ژنە میهرەبانەی تا مردن بە ڕۆحم قەرزداریمە و هەمیشە وەک شاخێک لە پشتی من بووە و لە هەمان کاتیشدا باشترین هاوڕێی ژیانم بووە، بۆیە لێرەوە پێ ی دەڵێم شازادەکەم زۆرم خۆش دەوێیت".

هەولێر/ گەرمیان گلی









وشە - هیدایه‌ت جان