لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر گەندەڵییەكانی وەزارەتی كارەبا پێكدەهێنرێت

:: PM:06:38:21/09/2019 ‌
پەرلەمانی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دابینكردنی 45 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا پێكدەهێنێت. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، گەندەڵی لە گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا كراوە، بەڵام ئەو ژمارانەی دەگوترێ لە بارەی قەبارەی گەندەڵیەكە هیچی راست نین.

ئەمڕۆ 21ی ئەیلوول، لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێك، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا خستە دەنگدان و پەرلەمانتارانیش دەنگیان بە پێكهێنانی لیژنەكەدا.

ئەو لیژنەیە كە بڕیارە لە پەرلەمانتارانی شارەزا لەم بوارە پێك بهێنرێت، لە دۆسیەی گرێبەستەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ساڵی 2006 تا ئێستە دەكۆڵێتەوە.

جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" گوتی "لیژنەكە وردبینی لە هەموو ئەو گرێبەست و بودجانەی بۆ بەرهەمهێنان و زیاد كردنی كارەبا لە عێراق خەرج كراوە، دەكۆڵێتەوە".

لە یەكەم كابینەی حكوومەتی عێراق، تا ئێستە بەگوێرەی تەرخانكراوەكانی بودجە و گرێبەستە راگەیەنراوەكانی وەزارەتی كارەبا بێت، 45 ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج كراوە، بەڵام تا ئێستەش لە عێراق كارەبای 24 سەعاتی بوونی نییە، ئەوەی جێی سەرنجە "كۆمپانیا هەیە بە حكوومەتی عێراقی گوتووە دەتوانێ بە 10 ملیار دۆلار كارەبا بكاتە 24 سەعاتی". جەمال كۆچەر وای گوت، ئەوەشی خستەڕوو، مەرج نییە هەموو ئەو بڕە پارەیە گەندەڵی تێدا كرا بێت، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكان هەر 45 ملیار دۆلار خەرج كراوە و كارەباش بەرهەم نەهاتووە و وەك دەبینی لە باشترین حالەتدا 12 سەعات كارەبا هەیە.
زیاتر گوتی "روونە كە گەندەڵی كراوە، بەڵام پێوەند بە ژمارە، هیچ دامەزراوەیەكی دەوڵەتی عێراق نییە سەربەخۆ و شەفاف بێت، هیچ دامەزراوەیەكیش نییە ژمارەكانی دروست بن و راپۆرتی چاودێری دارایی دروستی هەبێت، بۆیە ئەمە دەبێت لێكۆڵینەوەی وردی لەسەر بكرێت كە چەند لەو پارەیەی خەرج كراوە، وێستگەی كارەبای پێ دروست كراوە و كارەبا بەرهەم دەهێنێت، چەندی خولاوەتەوە بۆ بودجەی ساڵی دوای خۆی، گرێبەستەكانی چۆن كراوە و چی كراوە، ئینجا قەبارەی گەندەڵییەكە دەردەكەوێت كە چەندە".

جێی باسە ساڵانێكی زۆرە باس لە گەندەڵییەكانی سێكتەری كارەبا دەكرێت، ئەگەرچی بەگوێرەی لێدوانی پەرلەمانتاران بێت زیاد لە 40 ملیار دۆلار گەندەڵی لەو سێكتەرە كراوە، بەڵام بەهۆی نا شەفافی لە دامەزراوەكانی عێراق و نەبوونی دامەزراوەیەكی سەربەخۆی چاودێری و وردبینی، ژمارەكان نەتوانراوە پشتڕاست بكرێنەوە.


وشە - فه‌رمان سادق