شەمووی رابردوو ئێران لە رێگەی باڵێكی لە ناوچەكە دووبارە گۆمی رووداوەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو شڵەقاند و ویستی پەیامێك رەوانە بكات كە سەرەڕای سزاكانی سەری توانای دەستپێشخەری و شێواندنی دۆخی ناوچەكە و هێرشكردنە سەر هاوپەیمانانی ئەمەریكا و هەڕەشەكردنی لە سەرچاوەی وزە و ئابووری دنیا ماوە، دوای بەیاننامەی حوسییەكانیش بەوەی هێرش بۆ سەر سعوودیە دەوەستێنن، دەیەوێت بڵێت كە ئەوكاتەی دەیەوێت دۆخەكە دەشێوێنێت و ئەوكاتەشی دەیەوێت ئاشتی بەرپا دەكات، بەڵام وەڵامی سعوودیە و ئەمەریكا و دنیا لەبەرانبەر رەفتارەكەی ئێران چۆن دەبێت و سیناریۆكانی بەردەمی چین؟
پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی ئیسرائیلی باسی پێنج سیناریۆ دەكات بۆ وڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشكردنە سەری لەبەرانبەر ئەو هێرشانەی بۆ سەر سعوودیە ئەنجامی دا، یەكەمیان/ دانبەخۆداگرتن لە رووی سەربازییەوە، بە هاوشێوەی نەبوونی وڵامدانەوەی عێراق بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل لە 1981 بۆ سەر كورەی ئەتۆمی تەمووز و كورەی دێررووری ئەتۆمی لە 2007.
دووەم/ چاو لە بەرانبەر بەچاو، ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دووچاری بۆردمانكردن هاتنەوە، تاران مووشەك ئاراستەی كورەی ئەتۆمی دەیموونەی ئیسرائیلی دەكات، ئان هەر ئامانجێكی ئیسرائیلی پێوەندیدار بە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئیسرائیلی.
سێیەم/ وەڵامدانەوەیەكی سنووردار، واتە وەشاندنی گورزی سنووردار لەدژی ئامانجەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بێئەوەی خۆی بخاتە ناو مەترسی لەدەستدانی تەواوی دۆخەكە و گەیاندنی بە جەنگی راستەقینە.
چوارەم/ وەڵامدانەوەیەكی كراوە و سەرانسەری، بەمەبەستی گەیاندنی زیانی گەورە بە دوژمن و سیناریۆی پێنجەم/ پەرەسەندنی یەكجارەكی بە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو و ئامانجەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و داخستنی گەورووی هورمز لەبەردەم هاتوچۆی دەریاوانی.
هەرچی وەڵامدانەوەی سعوودیەیە ئێستە كاتێك هێرش كراوەتە سەر چەند دامەزراوەیەكی گرنگی نەوتەكەی تا رادەی كاری كردووەتە سەر هەناردنی نەوتی رۆژانەی، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رەوانەكردنی كەرەستەی سەربازی زیاتری بۆ سعوودیە راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی هەریەك لە سعوودیە و ئەمەریكا بەرپرسیارەتی هێرشەكەیان خستە ئەستۆی ئێران كە دوو پاڵاوگەی كۆمپانیای ئارامكۆی نیشتیمانی نەوتی سعوودیەی لە بەقیق و خرێس كردە ئامانج.
مارك ئیسپەر وەزیری ەبرگری ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەو كەرەستە سەربازیانەی رەوانەی سعوودیە كراون بۆ بەرگریكردنە و بریتین لە كەرەستەی بەرگری ئاسمانی و مووشەكی، ئێستە گرنگی بە یارمەتیدانی سعوودیە دەدەین بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی سیستەمی بەرگرییەكەی وەك سەرۆك ترەمپ بە روونی گوتی كە ئەمەریكا هەوڵی چوونە ناو ململانێ لەگەڵ تاران نادات. دووپاتی كردەوە كە بژارەی تری سەربازی ترمان لەگەڵ ئێران هەیە ئەگەر پێویست بكات.
لەبارەی بژارەكانی وەڵامدانەوەی سعوودیە بۆ هێرشەكەی ئێران، خاتوو جویس كەرەم نووسەر و شرۆڤەكاری لبنانی دەڵێت، سەختترین شت ئەوەیە هێزێكی بەرپەرچدانەوە لە كەنداو دروست ببێت بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئێران، بۆیە بژارەكان سنووردارن و رەنگە هەندێكیان مەترسی هەڵگیرسانی جەنگیان لەپشتەوەبێت.
كەرەم باسی بوونی دوو بژارە دەكات بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە و هێرشەكانی ئێران، ئەوانیش بە هاوشێوەی ئەوەی ئەمەریكا لە 1987 كردی كە راستەوخۆ هێزی دەریاوانی ئێرانی كردە ئامانج و رەنگە راستەوخۆ ئەو شوێنەی هێرشەكەی لێ ئەنجام دراوە بكرێتە ئامانجی مووشەكەكان یان كێڵگەیەكی نەوتی ئێران بكرێتە ئامانج بەمەبەستی زیانگەیاندنی ئابووری بەو وڵاتەوە، كێشەكە لەوەدایە كە ئێرانی 1987 ئێرانی ئێستە نییە و توانای جوڵانەوەی لە رێگەی میلیشیاكانی لە ناوچەكە هەیە، جیا لە هێزێكی مووشەكی رووسیایی.
دووەم بژارە و نزیكترینیانە لە روودان، بریتییە وەڵامدانەوەیەكی ئێرانە لە رووی نێودەوڵەتی و هەواڵگری و ئابووری درێژخایەن كە پێدەچێت سعوودیە ئەو رەوتەی گرتنێتە بەر، چونكە ئەو یەكەم هەنگاو شارەزایانی نێودەوڵەتی بانگ كردووە دوای ئاشكرابوونی سەرچاوەی چەكەكان و و هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ ئەمەریكا بۆ جموجۆڵكردن لە رێگەی ئە نجوومەنی ئاسایشەوە، راستە رەنگە نەتەوە یەكگرتووەكان نەتوانێت بڕیارێكی كاریگەر لەدژی ئێران دەربكات، بەڵام رەنگە سعوودیە سەركەوێت لە بەدەستهێنانی پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران.
كەرەم دووپاتی كردەوە كە سعوودیە بەپەلە نییە لە وەڵامدانەوەی ئێران و ئێستە بەرەو بەدەستهێنانی پاڵپشتی سەربازی و سیاسی دەچێت بۆ بەهێزكردنی بەرگری ئاسمانی و پاراستنی ئاسایشی كێڵگە و دامەزراوە نەوتییەكانی، جیا لە وەڵامدانەوەی نهێنی هەواڵگری بەتایبەتی لەسەر شێوەی هێرشی ئەلیكترۆنی كە بۆ نموونە جموجۆڵی نەوتی ئێرانی پەك بخات یان دزە بكاتە ناو پڕۆگرام و سیستەمی كارگەكانی مووشەكی ئێرانی.
حەسەن مونیمنە شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، پێناچێت وەڵامدانەوەی سەربازی لە بەرانبەر هێرشەكانی سەر ئارامكۆ خوازراو بێت، چونكە میزاجی ئەمەریكی بەرەو ئەو بژارەیە نییە، جیا لەوەی بەرژەوەندی سیاسی ترەمپ لەگەڵ جەنگ نییە، هەروەها دیدی ستراتیجی ئەمەریكا لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی جەنگێكی كراوەی ئابووری رەنگە لەكاتی دروستبوونی جەنگ بەربەستی تێ بكەوێت.