دوا زانیاری لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی ئەنفالكراوان و زیندانیان سیاسی لەگەڵ بەغدا

:: PM:11:32:21/09/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی هاوتاكردنی مووچەی ئەنفالكراوان و زیندانیان سیاسی لە بەغدا رایدەگەیەنێت كە هۆكاری دواكەوتنی هاوتاكردنی مووچەی زیندنیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان داوایان كرد بە جیا هاوتاكردنەكەیان بۆ بكرێت و بەغدا رەزامەندی نەدا.

ئەمڕۆ شەموو هەدار بارزانی، ئەندامی لیژنەی هاوتاكردنی مووچەی ئەنفالكراوان و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە كە مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان هاوتای زیندانیانی سیاسی عێراق بكات، بەڵام حكوومەتی عێراق رەزامەندی نیشان نەدا و داوای كرد حكوومەتی هەرێم خۆی ئەو كارە بكات لەسەر بودجەی خۆی.

زیاتر گوتی، هۆكاری دواكەوتنی هاوتاكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئەوەیە كە زیندانیانی سیاسی هەرێم دوایان كرد بە جیا هاوتاكردنەكەیان بۆ بكرێت، بەڵام حكوومەتی عێراق گوتوویەتی كە هاوتاكردنەكە بۆ هەرسێ دەزگا‌ی ئەنفالكراوان و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بۆ هاوتاكردنی مووچەكانی ئەو سێ دەزگایەی هەرێم لەگەڵ بەغدا وەك لیژنەی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەمان پێشكەش كردووە، هەروەها حكوومەتی عێراقیش دەیەوێت وەزارەتێك دابمەزرێنێت بە ناوی وەزارەتی شەهیدان بۆ هەموو عێراق.

دوپاتی كردەوە، لە گفتوگۆ و سەردانەكانی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و بە پێچەوانەوە، یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان باسكردنی هاوتاكردنی مووچەی ئەو دەزگایانەیە لەگەڵ بەغدا.

لای خۆیەوە عوسمان زیندانی، چالاكێكی زیندانی سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی یاسایەك لە عێراق زیندانی سیاسی بۆی هەیە كە بۆ ماوەی 25 ساڵ مینحە وەرگرن، بەڵام یاساكەی هەرێم بۆ ماوەی 10 ساڵە. روونی كردەوە، مووچەی زیندانیانی بەغدا مانگانە یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرن و ئیمتیازاتی تریان هەیە وەك وەرگرتنی زەوی، بەڵام هەرێم مانگانەكەی 500 هەزار دینارە.

زیاتر گوتی، دەمانەوێ مووچەكانمان لەگەڵ بەغدا هاوتا بكرێت كە بۆ ماوەی 25 ساڵ مینحە وەرگرین وەك زیندانیانی سیاسی بەغدا لەگەڵ تەواوی ئیمتیازاتەكان، زیندانیانی سیاسی لە وەجبەی یەكەم تا وەجبەی هەشت مینحە وەردەگرن، ژمارەیان پێنج هەزار كەسە ماوەی نۆ ساڵە مینحە وەردەگرن، بەڵام وەجبەی نۆ بۆ13، پێنج ساڵە كۆدیان وەرگرتووە و مووچەیان نییە كە ژمارەیان 18 هەزار كەس دەبن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل