سبەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت

:: AM:08:13:22/09/2019 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی سەرجەم ئەو وەزارەتانە دابەش بكرێت كە تا ئێستە مووچەیان دابەش نەكراوە و تەنها مووچەی خانەنشینی دەمێنێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی ئەیلوول، بەپێێ‌ زانیارییەكانی بە "وشە" دراوە تێیدا هاتووە، سبەی دووشەم مووچەی وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی كارەبا و گواستنەوە و پلاندانان و كشتوكاڵ و دیوانی چاودێری دارایی و مافی مرۆڤ و ناوچە كوردستانییەكان و ژینگە و دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی دەستپاكی و كۆمسیۆنی  هەڵبژاردن و دەزگای مین  و وەزارەتی پیشەسازی  و ئاوەدانكردەنەوە و رۆشنبیری و سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران دابەش دەكرێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی هەر مانگێك، عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد