كوردستان پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیجی كشتوكاڵیی هەیە

:: AM:10:32:22/09/2019 ‌
وەزارەتی كشتوكاڵ پلانی چوار ساڵەی پەرەپێدان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات

هەرچەندە هەندێك پڕۆژەی ستراتیجی بۆ بواری كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، بەڵام لە ئاستی داخوازی نین و پێویستیی ئەوە هاتووەتە كایەوە لە سەرجەم بوارەكانی كشتوكاڵ، پڕۆژەی ستراتیجی جێبەجێ بكرێت و بە كردەنی پشتی جووتیاران و وەبەرهێنەرانی بواری كشتوكاڵ بگیرێت.

كەرتی كشتوكاڵ بۆ پەرەپێدان، رووبەرێكی فراوانی هەیە بۆ كاركردن و لێرەدا تیشك دەخرێتە سەر دارە بەرهەمدارەكان و پەرەپێدانی رەز و باخەكانی میوە كە هاوكات لەگەڵ بەرهەمهێنان، دەبنە هۆی پاكتركردنی ژینگەی كوردستان و فراوانتركردنی رووبەری سەوزایی هەرێمەكە.

لە كۆندا جووتیارانی كورد هەر بەشێوەیەكی هەڕەمەكی باغی میوەیان چاندووە، ئامانجی زۆر لەو جووتیارانە ئەوە بووە پێداویستی خێزان بە میوە دابین بكەن و كاتێكیش بەرهەمەكە زیادی كردووە، بۆ ئەوەی لە دەستیاندا نەمێنێتەوە، بەشێكیان لە بازاڕ ساغ كردووەتەوە. 
شەڕە یەك لە دوای یەكەكان و سیاسەتی لە ناوبردنی گوندەكان لە رژێمەكانی پێشوو، قەڵاچۆكردنی گوندەكان و دواتر نەبوونی پلانێكی گشتیی كشتوكاڵی لەلایەن حكوومەت بۆ خستنەڕووی جۆری پێداویستییەكان و هان نەدان و پاڵپشتی نەكردن، هۆكارگەلێك بوون لەوەی دارستان وەك پێویست لە كوردستان گەشە نەكەن.

ئەو هۆكارانە وایانكردووە عەلوەكانی كوردستان زیاتر بە میوە و بەرهەمی دەرەكی پڕ بكرێن تا ناوخۆ، لە كاتێكدا بە پلانی ستراتیجی دەكرێ ئەو هاوكێشەیە بگۆڕێت.

شێخ جەمال كربچنە كە جووتیارێكی دەستڕەنگینی كوردستانە، بۆ "وشە" دەڵێت، راستە لە كوردستان كۆمەڵێك پڕۆژەی كشتوكاڵی كراون، بەڵام وڵات پێویستی بە پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی هەیە بۆ ئەوەی كوردستان لە سەرجەم بوارەكاندا پشت بەخۆی ببەستێت.

ئەو نموونەی حكوومەتی عێراق باس دەكات و دەڵێ، لە كوردستان پێمان وایە حكوومەتی عێراق هیچ بۆ كەرتی كشتوكاڵ ناكات، بەڵام بە پێچەوانەوە هەندێك پڕۆژەی ستراتیجی كردووە كە دەكرێ لێی فێر بین. ئاماژەی بە پڕۆژەیەكی ستراتیجی چاندنی داری خورما كرد لە كەربەلا كە حەوت هەزار دار لە خۆ دەگرێت، بڕیارە چوار هەزار دۆنم زەوی بكرێتە خورما لە جۆری نایاب كە جگە لە عێراق، لە هیچ شوێنێكی تر ئەم جۆرە خورمایە بەرهەم نایەت، بەوەیش وێڕای دابینكردنی 100%ی پێداویستی ناوخۆ، بۆ دەرەوەش هەناردە دەكرێت.
راستە عێراق خورمای نایابی هەیە، بەڵام بەگوتەی ئەم جووتیارە، كوردستان هەنار و هەنجیر و كۆمەڵێك میوەی نایابی هەیە كە دەكرێ لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستراتیجی بە پاڵپشتی حكوومەت جێبەجێ بكرێن. 

ئەو رەخنەی لە وەزارەتی كشتوكاڵ گرت كە باس لەوە دەكات 700 ئەندازیاری هەیە، بەڵام بۆچی كاریان پێ ناكات و پڕۆژەی ستراتیجییان پێ جێبەجێ ناكات. 

شێخ جەمال كە تا ئاستێك ئاگاداری بەرنامەی حكوومەتی نوێیە بۆ كشتوكاڵ، پێداگری لەوە دەكات ئەگەر 30%یش لەو بەرنامەیە جێبەجێ بكرێ، هەنگاوی زۆر گەورە لە رووی پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی كوردستان نراوە. 

لە بەرانبەردا حوسێن حەمەكەریم بەڕێوەبەری گشتیی رەزگەری و دارستان و لەوەڕگە و گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان، بۆ "وشە" دەڵێ، لە ساڵانی رابردوودا كۆمەڵێك جۆری میوە لە كوردستان پەرەیان پێ دراوە، بەشێكیان بە پلان لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە هاوكاری جووتیار كرا بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی نوێ میوە بەرهەم بهێنن. 

بەرپرسەكە نموونەی ترێی هێنایەوە كە پێشتر هەر لەسەر زەوی یان بەشێوەی كەپر چێنراوە، بەڵام ئەوان هۆكار بوون بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی ترێ لە كوردستان سەردەمییانە بكرێت و زۆر لە جووتیارانیش پێشوازییان لێ كرد.

ئەو شێوازە نوێیە بریتییە لە بەرهەمهێنانی ترێ لەسەر تەل كە بە دینگەی كۆنكرێتی تەلەكان بە یەكترەوە گرێ دەدرێن، دینگەكانیش پێشتر بە خۆڕایی بەسەر جووتیاراندا دابەش كراون. 

جگە لە ترێ، هەریەك لە میوەكانی سێو، هەنار، بەرهەمی گوێز و چەندان جۆر میوەی تر پەرەیان پێ دراوە، پێشتر بە پاڵپشتی 50% هاوكاری جووتیار كراوە جگە لە كۆمەڵێك پڕۆژەی پێوەندیدار بە دەست پێڕاگەیشتنی جووتیاران بە سەرچاوەكانی ئاو.
یەكێكی تر لەو بەرهەمانە فستقە كە بە بۆچوونی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، لە هەندێك ناوچەی كوردستان پەرەی پێ دراوە، لە سلێمانی و دهۆك پڕۆژەی باغی فستق هەن، راستە حكوومەت نەیتوانی وەك پێویست پاڵپشتی جووتیار بكات و دواتر تەنگژەی دارایی بەسەردا هات، بەڵام خۆی هاندانی وەزارەتی كشتوكاڵ هۆكار بووە لەوەی كۆمەڵێك جووتیار روو لە چاندنی باغی فستق بكەن.
نموونەیەكی تر كە ئەم بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی پێ دەكات، چاندنی داری زەیتوونە لە كوردستان و دەڵێت، هەوڵ و پلانەكانی وەزارەت هۆی سەرەكی بوو لەوەی چەندان وەبەرهێنەر لە كوردستان لەو بوارەدا وەبەرهێنان بكەن و پڕۆژەی ستراتیجیی داری زەیتوون بچێنن. زیاتر گوتی "پێشتر جووتیار زەیتوونیشی هەبووایە نەیدەزانی چی لێ بكات، بەڵام كۆمەڵێك كارگەی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون كرانەوە كە زەیتوونی جووتیاران بۆ رۆن دەگۆڕن".

پڕۆژەی بەرهەمهێنانی زەیتوونی وەبەرهێنەرێكی عەفرینی كە پێشتر "وشە" لە راپۆرتێكی تێر و تەسەلدا زانیاری لەسەر بڵاو كردووەتەوە، نموونەیەكی تری ئەو پڕۆژانەیە كە 80 هەزار داری زەیتوونی چاندووە و كارگەی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون و خەڵووز و سابوونیشی كردووەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژە بەوە دەدات كە سەرژمێرییەكی وردی كشتوكاڵی لە بەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەی كۆی دارەكانی زەیتوون لە كوردستان بە زیاتر لە دوو ملیۆن دەخەمڵێنرێت. بڕیاریشە لە هەریەك لە ناوچەكانی سلێمانی و گەرمیان و رانیە، سێ كارگەی نوێی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون بكرێنەوە كە هاندەری زیاترە بۆ جووتیاران تا زەیتوون بچێنن.

بەڵام یەكێك لەو كێشانەی بەربینگی جووتیارانی گرتووە ئەوەیە، ساڵانە بەرهەمێكی زۆری میوە لە دەستی جووتیاراندا ماوەتەوە و بە نرخێكی هەرزان لە بازاڕ فرۆشراون، جووتیاران زیانیان بەركەوتووە و ئەگەر پلانی گونجاو بۆ بە بازاڕكردنیان هەبووایە، ئەم كێشەیە رووی نەدەدا.

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ سێ هۆكار دەخاتە ڕوو، یەكەمیان ئەوەیە زۆربەی ئەو بەرهەمانە بە پیشەسازی نەكراون، هەر دەبێ بە خاوی ساغ بكرێنەوە و زۆری خستنەڕوو لە یەك كاتدا نرخەكە دادەبەزێنێت. لە كاتێكدا پرسی بە پیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان رۆڵی تایبەتی هەیە لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، بۆیە هەر لەو پلانە چوار ساڵییەی وەزارەتەكە ئامادەیان كردووە، بە وردی باسیان لەم خاڵە كردووە.

جێی باسە پلانی چوار ساڵی پەرەپێدانی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامادە كراوە، بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت.

دووەم هۆكار كە حوسێن حەمەكەریم ئاماژەی پێ دەكات، نەبوونی هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدایە، لە كاتێكدا ئەگەر هاوئاهەنگییان هەبێت و بازاڕەكانیان بخەنە خزمەت یەكتر، ئەوا هەردوو لایەن قازانج دەكەن، ئەوەی لێرە زیادە بۆ ئەوانی بنێرن و بەرهەمی ئەوانیش بۆ كورستان بێنن. 

سێیەم هۆكاریش بە بۆچوونی ئەو بەرپرسە، نەبوونی بازاڕی نوێیە، ئەو پێویستییە هاتووەتە كایەوە كە بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمی جووتیاران بدۆزرێتەوە.

بەپێی بڕگەیەكی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار دەكرێ بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێم فرەچەشن و فرەرەهەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدەن و هەوڵ بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی لەم كەرتانەدا دەدەن، هاوكات باس لەوە كراوە "كشتوكاڵ بوارێكی سەرەكیی گرنگیدانمان دەبێت، كار دەكەین بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە بە ئامراز و ئامێری پێشكەوتوو و فراوانكردنی جۆریی و چەندیی بەرهەم بەپێی بنەما زانستییەكان."
چ لە پلانی چوار ساڵەی وەزارەتی كشتوكاڵ و چ لە پلانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە سەرەوە ئاماژەی پێ كرا، بە وردی بیر لە پێشخستنی سەرجەم بوارەكانی كشتوكاڵ كراوەتەوە، تەنیا ماوەتەوە قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵرێت تا سەرچاوەی نوێی داهات بۆ هەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە و تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت نەبەستێت.

حكوومەت بە پێشخستنی كشتوكاڵ، دەتوانێ بە تیرێك چەندان ئامانج بپێكێت، جگە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ و بەرزكردنەوەی داهات، دەشتوانێ رێژەی سەوزایی لە كوردستان بەرز بكاتەوە و بە پەرەپێدانی دارستان و باخەكان، ژینگەیەكی لەبارتر بۆ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دابین بكات.


*
هەرێمی كوردستان لە زەیتوون و ترێ و جۆرە میوەی تر هەندێك هەنگاوی ناوە، بەڵام وەك پێویست نییە.




وشە - سلێمان تاشان