چێنەر نزار: پێوەندی رۆحیم لەگەڵ پەیكەرسازی هەیە

:: AM:10:35:22/09/2019 ‌

پەیكەرسازێكی سلێمانی كە زیاتر لە 59 كاری هونەریی لە شەقام و شوێنە گشتییەكانی كوردستان خراونەتە ڕوو، باس لە پێوەندییە ڕۆحییەكەی دەكات لەگەڵ هونەرەكەیدا و دەڵێت، هەموو ژیانم بووەتە هونەر.

چێنەر نزار /33 ساڵ/ لە سلێمانی لە دایك بووە و لە ساڵی 2011وە كارەكانی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان دەخاتە ڕوو، تا ئێستە زیاتر لە 59 كاری هەیە.

چێنەر لەبارەی پەیكەرسازی بۆ "وشە" گوتی، ڕۆژانە بەلایەنی كەمەوە هەشت سەعات لە شوێنی كارەكەی بەسەر دەبات، لەگەڵ قوڕ و گەچ و ئاسن كار دەكات. بەگوتەی خۆی "بێ لەوە هیچ كارێكی تر ناكەم، هەست دەكەم ئەمە لە ڕۆحیەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە لە منداڵییەوە لەگەڵیدا تێكەڵە و هونەر بەشێكی تەواوی ژیانی داگیر كردووە".

لە ساڵی 1998 كە تەمەنێكی زۆر كەمی هەبووە، لە ڕێی كازیوەكانی سەرشەقام كە منداڵپارێزی كوردستان داینابوو بۆ منداڵانی كاسبكار، چێنەر فێری وەرزش و هونەری شێوەكاری و پەیكەرسازی بووە، دواتر یەكەم كاری لەسەر بەرد ئەنجام داوە، دوای تەواوكردنی قۆناغی ناوەندی چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و بەشی پەیكەرسازی خوێندووە، تا ئێستەیش سەرقاڵی كاری پەیكەرسازییە.

خۆی دەڵێ "لە ساڵی 2011وە كارەكان لە شەقام و شوێنە گشتییەكان دانراون، تا ئێستە 29 كارم خراونەتە ڕوو لە سلێمانی و هەولێر و شارەزوور، هەروەها زیاتر لە 30 كاریشم لەناو كافتریا و هۆتێل و مۆتێلەكان دانراون".

چێنەر یەكێك لە خەونەكانی ئەوەیە لە هەرچوار پارچەی كوردستان كاری هونەری هەبێ و دەڵێت، "هیوادارم ئەو دەرفەتە بێتە پێشەوە بتوانین لە ڕێی هونەرەوە پەیامێك بگەیەنین، با پەیكەری شێركۆ بێكەس لە باكوری كوردستان دابنێین و پەیكەری عەباسی كەمەندی لە باشوور دابنرێت."

كارەكانی چێنەر تەنیا بۆ ئەو كەسایەتییانە نییە كە كۆچی دواییان كردووە، بەڵكو بۆ كەسایەتییە زیندووەكانیشن كە خزمەتی كوردیان كردووە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا. وەك چێنەر گوتی "سەرەتا كارم لەسەر ئەو كەسایەتییانە كردووە كە ئەزموونیان هەبووە و خزمەتیان كردووە و كۆچی دواییان كردووە، بەڵام لەوە خۆشتر ئەوەیە كار لەسەر ئەوە بكەین كۆمەڵێك كەسایەتی لە ژیاندا ماون و خۆیان ئەو ڕێزە ببینن كە لێیان دەگیرێت".

هاووڵاتییانیش داوای دروستكردنی پەیكەری لێ دەكەن بۆ ڕۆژی لەدایكبوون، ئەمەش بەشێك لە كاركردنی چێنەر نزارە.
چێنەر زیاتر لە بواری پۆرترێتدا كار دەكات و سەرەتایش هەر بە كاری پۆرترێت دەستی پێ كرد. ئاماژەی دا، بۆ داهاتوو دەمەوێ بەشێوازێكی جیاوازتر كار بكەم، ئەگەر هاوكاری بكرێم دەمەوێ هونەری منیش بێبەش نەبێت لەو هونەرەی لە وڵاتان دەبینرێت لەسەر شەقام كە كارێكی ڕەخنەئامێز و جوان و جیاوازە، بۆ ئەوەی ئیتر هەر كەسێك پەیكەرەكانی ئێمەی بینی نەڵێت تەنیا پۆرترێتی كەسایەتییەكە و تەواو، بۆ ئەو شێوازە جیاوازەش زیاتر لە شەش كارم ئامادەیە لە دروستكردنی ماكێت و سكێچ.

ئەو پەیكەرسازە بە گرنگی دەزانێ پەیكەرساز شێوەكاری بزانێت و لە هێڵكاری و ئەناتۆمی واتە توێكاری زۆرباش بێت، بۆیە سەرەتا لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان نیگاركێشی دەخوێنرێت، چونكە ئەگەر پەیكەرساز دەستی وێنەكێشانی نەبێت ناتوانێ ئەو كارانە بەرجەستە بكات كە لە بەردەستیدان.

چێنەر لە ماوەی كاركردنیدا لە هونەری شێوەكاری بەشداری 58 پێشانگەی هاوبەشی شێوەكاری كردووە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان.
ئەو پەیكەرسازە ئاماژەی بەوەش دا كە لە پشت هەر كارێكەوە كە دەیخاتە ڕوو، پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، لە پشت زۆربەی كارەكانی تەها ڕەسووڵ /كەسایەتییەكی ناسراوە/، پاڵپشتی كارەكانیەتی و بڕیاریشە لە داهاتوودا ببێتە پاڵپشتییەكی چەند كارێكی تری ئەو هونەرمەندە.

وشە/ سلێمانی– ئاریان محەمەد











وشە - وشه‌