پاركێك لە هەولێر تێكدەدرێت و دەكرێتە پڕۆژەی وەبەرهێنان

:: PM:05:35:22/09/2019 ‌
لە گەڕەكی وەزیرانی شاری هەولێر پاركێكی گەورە تێكدەدرێت و دەكرێت بە باڵەخانە و پڕۆژەی وەبەرهێنان، پڕۆژەكە دوو ڕۆژە دەستی بەكاركردن كردووە لایەنی كەم 300 داری گەورەی شكاندووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوول، شایەتحاڵێكی گەڕەكی وەزیران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پاركێكی گەورە لە بەرانبەر پاركی سامی عەبدولرەحمان لە گەڕەكی وەزیرانی شاری هەولێر تێكدراوە و دەكرێت بە پڕۆژە.

ڕوونیشی كردەوە كە پڕۆژەكە كۆمپانیایەی شایەن جێبەجێی دەكات و دوو ڕۆژە دەستی بەكار كردن كردووە لەو ماوەیەشدا زیاتر لە 300 داریان شكاندووە.

شایەتحاڵەكە زانیاری لەسەر تەواوی پڕۆژەكە نەبوو، بەڵام ڕای گەیاند، كە وەبەرهێنانە و پێدەچێ‌ بكرێتە باڵەخانە.

"وشە" بۆ زانیاری زیاتر پێوەندی بە شارەوانییەكانی هەولێرەوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوون.

هەمزە حامید بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی گوت، ئەوان وەك پارێزگا ئاگاداری وردەكاری ئەو كارانە نین و هیچ شتێكی فەرمیشیان لەوبارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە هەفتەنامەی "وشە" پێشتر مەترسییەكانی گۆڕینی ڕەگەزی زەوی لە كوردستان بڵاو كردبووەوە بەجۆرێك دەیان زەوی موڵكی گشتیی و پڕۆژە دەكرێنەوە تایبەت و دەدرێ‌ بە وەبەرهێنەران.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم