بڕیار وایه ڕۆژی سێشه‌م یه‌كى تشرینى یه‌كه‌م، خولی چواره‌می فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی له شارى سلێمانى به‌ڕێوه بچێت و ده‌ست به كاره‌كانى بكات.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست "وشه" كه‌وتوون، ڕۆژێك پێش ده‌ستپێكردنی فێستیڤاڵه‌كه میوانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌نه سلێمانی، چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی عێراقی، میسڕی، لبنانی و چه‌ند وڵاتێكی تر میوانی فێستیڤاڵه‌كه‌ن.
134 فیلمی جۆراوجۆر كه به‌رهه‌می 78 وڵاتی جیاوازن، له به‌شی پێشبڕكێی فێستیڤاڵه‌كه‌دا نمایش ده‌كرێن، هه‌روه‌ها ڕۆژانه له سێ كات و هۆڵی جیاوازدا فیلمه‌كان نمایش ده‌كرێن، ئه‌وانیش: له (هۆڵی ته‌لاری هونه‌ر، سیتی سینه‌ما و سینه‌ما سالم).
جگه له میوانه بیانییه‌كان، بڕیاره چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی كوردی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و كه‌ركووك) میوانی سه‌ره‌كی فێستیڤاڵه‌كه‌بن.
له شاری سلێمانی ساڵانه فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام ده‌درێت و چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی ناوداری بیانیش بۆ گه‌وه‌ره‌كردنی ڤیستیڤاڵه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات میوانداری ده‌كرێن، یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌موو یه‌كی تشیرنی یه‌كه‌م ساڵی 2016 ده‌ستی پێ كرد كه له فێستیڤاڵه‌كه‌دا 55 فیلم كێبڕكێی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری ئاڵتوونیان كرد.