عەلی حەمە ساڵح وردەكاری گەندەڵی خاڵە گومركییەكان ئاشكرا دەكات

عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
:: PM:06:48:22/09/2019 ‌
هاوكاتی چاوەڕوانی پڕۆژە یاسای چاكسازی و رێكخستنەوەی بازرگانی دەرمان لەلایەن پەرلەمانەوە، حكوومەت و وەزارەتی دارایی لەسەر بەدواداچوونی پەرلەمانتارێك سەرقاڵی نووسینەوەی پڕۆژە یاسایەكن بۆ رێكخستنەوەی گەندەڵی خاڵە سنووری و گومركییەكان. عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان و ئامادەكاری راپۆرتەكە دەڵێ، راپۆرتە 12 لاپەڕەیە بە وردەكاری دەستنیشانی گرفتەكانم كردووە، بابەتەكە زۆر فراوان و زۆریش ئاڵۆزە و خەملاندنی قەبارەی گەندەڵییەكەش زۆر زۆرە.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوول، عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا كە بەدواداچوونی وردیان لەسەر خاڵە سنوورییەكان كردووە و لە چوارچێوەی راپۆرتێكی 12 لاپەڕەیەی بە سەرۆك وەزیران و وەزیری داراییان داوە، هێمای بۆ ئەوەش كرد كە گەندەڵی گەورە لە خاڵە سنوورییەكان هەیە.

عەلی حەمە ساڵح روونی كردەوە كە لێكۆڵینەوەی وردی كردووە لەسەر لادان و خۆدزینەوە لە گومرك كردووە، دەركەوتووە كە كۆمەڵێك كۆمپانیا هەن بێ ئەوەی هیچ كارێك ئەنجام بدەن رۆژانە پارەیەكی زۆر وەردەگرن، جگە لەمەش لێخۆشبوونێكی گومركی زۆر هەیە و كاڵایەكی زۆر بە ناوی تڕانزێت بۆ سووریا دێتە ناو هەرێمی كوردستان و ئەو كاڵایەش ناچێت بۆسووریا، بەڵكو لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان ساغ دەكرێتەوە، زیاتر گوتی "وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و ئامادەكردنی پڕۆژەن بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی باج و گومرك".

گرفتی زۆر گەورە لە خاڵە سنوورییەكان هەیە، لە "راپۆرتە 12 لاپەڕەیەكەی ئاراستەی حكوومەتم كردووە، بە وردەكاری دەستنیشانی گرفتەكانم كردووە، بەشێكی كەلێنی یاساییە، لە هەندێك شوێنیش بە زەبری هێز كاڵا داخڵ دەكرێت و هیچ حیساب بۆ گومرك و پشكنین دانانرێت، وەك ئەوەی خاڵی سنووری نەبێت". عەلی وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو یەكێكی تر لە گرفتەكان داخڵكردنی كاڵایە بەناوی تڕانزێت بۆ سووریا، بەڵام لە بازاڕەكانی كوردستان ساغ دەكرێتەوە.

عەلی دەڵێ، بابەتەكە زۆر فراوان و زۆریش ئاڵۆزە، حكوومەتیش لە وەڵامی راپۆرتەكەی ئێمە بڕیاریانداوە پێداچوونەوەیەكی گشتگیر بە خاڵە سنوورییەكان بكەن، گوتی "بە دڵنیاییەوە حكوومەت ئاگاداری ئەوەیە لە خاڵە سنوورییەكان دەگوزەرێت، چونكە بەشێك لە گرێبەستەكان خۆی كردوویەتی، بەڵام ئێمە هەموویمان كۆ كردووەتەوە كە قەبارەی گەندەڵیەكەش چەندە، چونكە هەندێك شت هەیە لەسەر كاغەز و بە یاسا هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام كە بەدواداچوون دەكەیت شتی نوێ دەردەكەوێت".

زیاتر گوتی "خەملاندنی قەبارەی گەندەڵیەكە زۆر زۆرە، بۆ نموونە، نووسراو كراوە كە دوو هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی رێگەپێدراو بە تڕانزێت بێتە كوردستان و پاشان بۆ سووریا، كەچی نەچووەتە سووریا و لە كوردستان فرۆشراوە، لە وەختێك تڕانزێت گومرگی كەمترە و یەك لەسەر پێنجە، لێرە لە یەك كاتدا، ئۆتۆمبێلە مۆدێل كۆنەكە بە نا یاسایی داخڵ دەكات، گومركیش نادات، رەنگە بەم رێگەدانە شەش تا حەوت ملیۆن دۆلار قازانج بكات، ئەمە جگە لە هێنانی كەرەستەی تر، وەك شیش كە 50 هەزار تۆن داخڵ كراوە، كەچی نەڕۆیشتووە بۆ سووریا، بەمەش هەم زیان لە بەرهەمی خۆماڵی دەدات هەمیش گومرك نادات كە نزیكەی چوار ملیۆن دۆلارە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، ئاماژەی بەوەدا ئەوانەی لە پشت بازرگانیە نا یاساییەكانی خاڵە سنوورییەكانن، حزب و كەسایەتی بەهێزیان لە پشتە، گوتی "كێ هەیە ئەو گرێبەستانەی پێ بدرێت؟ بۆیە ئەوە وەك پاداشتێكە بۆ ئەو بەرپرسانە، بەڵام حكوومەت رژدە لەسەر پێداچوونەوەی گشتگیر، ددانیان بەوەداناوە كە گرفت هەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت، ئەمە هەنگاوێكی گرنگە و ئێمەش چاودێر دەبین".

لە بارەی بەرژەوەندی حزبی كە زۆر دەگوترێت رێگرە لە بەردەم چاكسازی، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هێما بۆ ئەوە دەكات كە بەرژەوەندی حزبی و كەسییە هۆكاری سەرەكی گەندەڵییە، چارەسەر نەكردنەكەشی هەر بەرژەوەندی حزبی و كەسییە، گوتی "بڕیارە لەم وەرزەی پەرلەماندا كۆمەڵێك پڕۆژە یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان بكرێت، ئەمە هەنگاوێكی باشە، بەڵام وەك فراكسیۆنی گۆڕان چاوەڕوانی هەنگاوی كردارین".

عەلی حەمە ساڵح ئاشكرای دەكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ ناردنی پڕۆژە یاسایەك بۆ پەرلەمان دەكات لە بارەی دروستكردنی دامەزراوەیەكی تایبەت بە دەرمان بۆر ێگریكردن لە بازرگانی نا یاسایی و بە قاچاغ هێنانی دەرمان، گوتی "ئەمانە هەنگاوی باشن و جێگی دەستخۆشی و پشتیوانییە".
 
 بەلای سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە ئەوەی گرفتە، بوونی گەندەڵی "گەورەیە لە دۆسیەی نەوت"، دەڵێ، پێویستە بە رژدی چاكسازی لە دۆسیەی نەوتیش بكرێت، گوتی "لە كوێ گەندەڵی و كەموكورتی هەبێت قسەی رژدی لەسەر دەكەین".


وشە - فه‌رمان سادق