دوای ئەوەی لە ریزەكانی حەشدی شەعبی گرووپە سەرەكییە چەكدارەكانی شیعە توانیان لە جەنگی دژ بەداعش پێگەی جەماوەری خۆیان بەهێز بكەن و دواتر سوود لەو ناوبانگە وەربگرن لە هەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق توانیان رێژەیەكی گەورەی كورسییەكان بەدەست بێنن، ئێستە ئەوان لە رێگەی هاوپەیمانیەتی نوێ هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەدەن كە لەو رێگەوە دەستكەوتی گەورەی داراییان دەست دەكەوێت و هۆكار ی سەرەكی ئەو ململانێ گەورەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەیە.
ئێستە میلیشیاكانی سەر بە ئێران هەوڵی ئەوە دەدەن كە كۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی مووسڵ و سەڵاحەدین و ئەنباری سوننەنشین بكەن، بەوەش كۆنترۆڵكردنیان بۆ تەواوی پارێزگاكانی عێراق تەواو دەبێت، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كاتێك ئەو میلیشیایانە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو دوای رزگاركردنەوەیان لە داعش دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت و ئێستەیش هەوڵ دەدەن دەست بەسەر حكوومەتی ناوخۆی ئەو پارێزگایانە بگرن بۆ بەهێزكردنی بوون و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیان و تەواوكردنی پڕۆژەی فراوانخوازی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی عێراق.
عێراق لە 2013ەوە هیچ هەڵبژاردنێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونكە حكوومەتی عێراق ئەو هەڵبژاردنەی بڕیاربوو لە 2017 ئەنجام بدرێت بەهۆی جەنگی داعشەوە دوای خست، دواتر بڕیار درا لە ئایاری 2018 ئەنجام بدرێت، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن نەیتوانی رێكی بخات و بۆ 22ی كانوونی یەكەمی رابردوو دواخرا، دیسان كۆمسیۆن نەیتوانی رێكی بخات و پەرلەمانی عێراق جارێكی تر وادەی ئەنجامدانی لە سەرەتای نیسانی 2020 بۆ دیاری كرد.
دەسەڵاتێكی فرەوان و دەستگرتن بەسەر پڕۆژەكان و خەرجكردنی بودجەكان و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەیەكی گەورەی دارایی بۆ پارێزگاكان بەمەبەستی دروستكردنی پێگەیەكی گەورەی جەماوەری، ئەوانە پاڵیان بە زۆرێك لە پارتە سیاسییەكانەوە نا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیەتییەكانی پێشوویان كە لە هەڵبژاردنی پێشوو پێكیان هێنابوو و ئێستەیش بەدوای هاوپەیماینەتی نوێن بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەو دەسەڵات و ئیمتیازاتەی هەیەتی ئەوەیان بۆ دەرەخسێنێت.
عیماد خوزاعی چاودێری سیاسی عێراقی دەڵێت، بوونی یاساكانی ئێستە بە یاسای سانتلیگۆ و ناسەربەخۆیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ئاماژە نین بۆ داڕشتنەوەیەكی نوێی سیاسی و ستراتیجی لە گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە نیسانی 2020 بێتە سازكردن، لەو كاتەی دەنگدانی پەرلەمان لە 22ی تەمووزی رابردوو دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای یەكەم هەموواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی تارێكخراو بە هەرێم، رەخنە و ناڕەزایەتی زۆری دروست كرد.
عێراقییەكان ئاماژە دەكەن كە تێپەڕاندنی هەموواری یاساكە پلانێكی پارتە سیاسییە سەرەكییەكانە بۆ مسۆگەری مانەوەیان لە دەسەڵات، ئەوان بەو شێوەیە ركابەرانی خۆیان لە پارت و بزاوە بچووكەكان لە دیوار كێشا كە بەشێكی زۆری عێراقییەكان لە رێگەی ئەوانەوە چاویان لە گۆڕانكارییە لە رووی خزمەتگوزاری و تەناهی و سیاسی كە بەهۆی كۆنترۆڵكردنی پارت و میلیشیاكانی سەر بە ئێران بەسەر كایەكانی دەوڵەت دروست بووە.
خوزاعی ئاماژەی كرد، تاكە هیوا بۆ گۆڕینی ئەو یاسایەی پەرلەمان دەری كردووە، ژمارەیەك پەرلەمانتارە كە بەڵێنی ئەوەیان داوە بە گۆڕینی یاساكان لەم وەرزەی یاسادانان بەو پێیەی بێزاركەرە بۆ دەنگدەران، زیاتر گوتی، زۆرێك لە عێراقییەكان هەست بە نائومێدی دەكەن لە بەرانبەر جموجۆڵی پارتە گەورەكان بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، بۆیە ئەوان نیازی بەشداری نەكردنیان لە دەنگدان هەیە، بە هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوو و ئەو كارەش باش نییە.
ئەو چاودێرە روونی كردەوە، بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن مانای پووچەڵكردنەوەی نییە، بەڵكو دەبێتە هۆی بەشدارییەكی كەمی جەماوەری پارتە سیاسییەكان كە لە دۆخی ئێستەی سیاسی سوودمەندن، رەنگە دیارترین هاوپەیمانی كە خەریكە دەردەكەوێت سەرەڕەڕای رانەگەیاندنی بەفەرمی، هاوپەیمانی نووری مالیكی سەركردەی حزبی دەعوەی سەر بەئێرانە لەگەڵ میلیشیاكانی حزبوڵا و ئەو میلیشیایانەی تری سەر بە ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبین كە كەسایەتییەكی نزیكە لە قاسم سلێمانی فەرماندەیس فەیلەقی قودس.
لەبەرانبەردا چاودێران پێیان وایە هاوپەیمانی "سائیروون"، كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتی دەكرێت، رەنگە حزبی شیوعی هاوپەیمانی لەدەست بدات كە ژمارەیەك لە سەرانی ئەو حزبە باسی چوونە ناو هاوپەیمانی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییە مەدەنییەكان دەكەن. هەروەها هەردوو هاوپەیمانی "حیكمە" بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم و "نەسڕ" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك دەدەن لەنێوانیان، ئەگەر نەچوونە پاڵ سەدر لە هاوپەیمانیەتێكی نوێ كە دوو مانگە كاری بۆ دەكرێت.
هەرچی سوننەكانە ئەوان بەسەر سێ بەش دابەش بوونە، ئەوانیش بەرەی رزگاریخواز و پەرەپێدان بەسەرۆكایەتی ئوسامە نجێفی و هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و پڕۆژەی عەرەبی بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر و هەرسێ هاوپەیمانیەتییەكەش بەجیا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.