نەینەوا.. جارێكی تر داوای بەهەرێمكردنی پارێزگاكە دەكرێت

:: PM:08:23:22/09/2019 ‌

گوتەبێژ بەناوی لیژنەی ئامادەسازی هەرێمی نەینەوا ئاشكرای دەكات كە داوایەكیان ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە و واژووی 51 هەزار كەسی خەڵكی پارێزگاكە تیادایە بەمەبەستی دامەزراندنی هەرێمی نەینەوا.

وەعد عزەدین ئەمڕۆ یەكشەم روونی كردەوە، داوایەكمان ئاراستەی نووسینگەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە نەینەوا كردووە كە واژووی زیاتر لە 51 هەزار هاووڵاتی نەینەوا لەخۆ دەگرێت و ئەوان داوای دامەزراندنی هەرێمی نەینەوا دەكەن، روونی كردەوە كە هەنگاوی داهاتوومان دەستكردنە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی یاسادانانی كاتی هەرێمەكە و تەواوكردنی هەنگاوە دەستوورییەكان تر بۆ راگەیاندنی هەرێمی نەینەوا.

زیاتر گوتی، هیچ پڕۆژەیەكی تر بوونی نییە كە خزمەت بە خەڵكی پارێزگاكە بكات جگە لە پرسی بەهەرێمكردنی و ئێمە پشتمان بە جەماوەر بەستووە دوور لە حزب و كەسایەتییە سیاسییەكان، بەڵام هاوئاهەنگیمان لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و چەند وڵاتێكی دراوسێ و هەرێمی كوردستان هەیە و بۆ پێدانی ئازادی جموجۆڵمان بۆ سەردانیكردنی كامپی ئاوارەكان، دووپاتی كردەوە كە رێككەوتن لەگەڵ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان كراوە بەوەی پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ حكوومەتی فیدراڵی دەگەڕێتەوە.

عزەدین روونی كردەوە، بزاوەكەمان لەلایەن توركیا و ئەمەریكا و هیچ وڵاتێكی تر پاڵپشتی ناكرێت و بیرۆكەی بەهەرێمكردن كە داوای دەكەین بیرۆكەیەكی كارگێڕی دەستوورییە نەوەك بۆ مەبەستی دابەشكردنی عێراق وەك باسی دەكەن. بۆیە كەسانێكی زۆر بەپیر بیرۆكەكە هاتوون لە كەسانی ئەكادیمی و سەرۆك هۆز و هیتریش، هاوكات راگەیاندنی هەرێمی نەینەوا زسان بە زۆركەس دەگەیەنێت كە لەو دۆخەی ئێستە سوودمەندن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل