ترەمپ: دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەنجام نادەم

:: PM:08:35:22/09/2019 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆتایی بە مشتومڕی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی هێنا و رای گەیاند، هیچ پلانێكم نییە بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوول، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، بەرنامەی 15 دیداری لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت، بەڵام هیچ دانیشتنێكی لەگەڵ پەرسانی ئێرانی نابێت.

لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆڕكی ئەمەریكی بە بەشداری سەرۆكی زیاتر لە 180 وڵات ئەنجام دەدرێت.

رەت كردنەوەی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكا، لە كاتێكدایە پێشتر چەند جارێك ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران دەربڕی بوو، بەڵام بەرپرسانی ئێران رەتیان كردەوە دیدار لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا ئەنجام بدەن تا گەرمارۆكانی سەر وڵاتەكەیان هەڵ نەگرێت.

هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە، هەوڵەكانی نزیك كردنەوەی ئێران و ئەمەریكای لەبار برد، ئەمجارە سەرۆكی ئەمەریكا لە بڕی نەرمی نواند بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، رێنمایی بە وەزارەتی دارایی وڵاتەكەیدا بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران.

لە بەرانبەردا، عەلی خامنەیی سەرۆكی ئێران، رای گەیاند كە هیچ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەپرسانی ئەمەریكی لەسەر هیچ ئاستێك ئەنجام نادەن، ئەمەش هەڵوێستی تێكڕای سەركردایەتی ئێرانییە و هەموویشیان باوەڕیان بەو كۆ دەنگییە هەیە.


وشە - فه‌رمان سادق