وەزیری دارایی ئەمەریكا: ئەوەی ئێران دەیكات پەرچەكرداری سزاكانە

:: PM:08:37:22/09/2019 ‌
دوای تێپەڕبوونی ساڵێك زیاتر بەسەر سزاكان، بەرپرسانی ئەمەریكی پێیان وایە ئێران نا ئومێد بووە و رۆژ دوای رۆژ دەرئەنجامی سزایەكانیش بەسەر ئەو وڵاتە دەردەكەوێت. ستیڤن مەنۆچن وەزیری دارایی دەڵێ، سزاكان كۆمەكی دارایی ئێرانی بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان راگرتووە و ئێستە ناتوانێت كۆمەكیان بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوول، ستیڤن مەنۆچن وەزیری دارایی ئەمەریكا رای گەیاند، بەهۆی سزاكانەوە ئێران نا ئومێد بووە و رۆژ دوای رۆژ دەرئەنجامەكەی بەشێوەیەكی گەورە بەسەر ئەو وڵاتە دەردەكەوێت.

وەزیری دارایی لە بەرنامەی "میت زە پرێس" گوتی "سزاكان كۆمەكی دارایی ئێرانی بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان زۆر لاواز كردووە بە جۆرێك ناتوانێت كۆمەكیان بكات، ئەمەش هۆكاری پەرچە كردارەكانیەتی كە ئابووری ئەو وڵاتە بە دەستیەوە گیرۆدەیە".

لە وەڵامی ئەوەی ئەمەریكا بەرگری لە سعوودیە دەكات لەسەر ئەو هێرشەی كرایە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی، وەزیری دارایی ئەمەریكا پێی وایە بەرگری كردن لە سعوودیە، بەرگری كردنە لە "هاوپەیمان و دۆستێكی گرنگی ئەمەریكا، ئەو هێرشەی كرایە سەر سعوودیەش تەنیا پێوەندار نییە بەو وڵاتە بەڵكو پێوەندارە بە ئابووری دنیا"، گوتی "لەسەر ئەمە ئەمەریكا سزای زیاتری خستە سەر ئێران، تەنانەت هەنگاوی داهاتوو سزاكان لایەنی تریش دەگرێتەوە و بژاردەی سەربازیش هەمیشە ئامادەیە لە ململانێیەكان لەگەڵ ئێران".
 
قسەكانی وەزیری دارایی ئەمەریكا لە كاتێكدایە رۆژی هەینی رابردوو سزا بەسەر سیستەمی بانكی ئێرانی سەپێنرا، ئەمەش بە قورسترین سزا دادەنرێت دژ بە ئێران. سزاكانی ئەمجارەی ئەمەریكا، سەندوقی نیشتمانی گەشەپێدان و كۆمپانیای ئیعتیمادی بازرگانی و بانكی ناوەندی ئێرانی گرتەوە. 

وەزارەتی دارایی ئەمەەریكا دەڵێ، بانكی ناوەندی ئێران ملیاران دۆلاری سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس و حزبوڵای تێدایە، تەنانەت هەریەكە لە وەلیوڵلا سەیف حاكمی پێشتری بانكی ناوەندی ئێران و عەلی ترزالی یاریدەدەری بەشی نێودەوڵەتی لە بانكەكە خستە لیستی سزادراون بە تۆمەتی ئاسانكاریكردن بۆ حەواڵەی دارایی سوپای پاسداران و حزبوڵای لبنانی.


وشە - فه‌رمان سادق