لە سلێمانی چەندان پڕۆژەی وەبەرهێنان كاركردنیان تیادا بەردەوامە و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاشكرای دەكات، بەشێكی ئەو پڕۆژانە لە قۆناغی كۆتاییدان.
ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوول، عەزیز ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بە وەكالەت بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 236 پڕۆژەی وەبەرهێنان كە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و كەرتەكانی تری وەبەرهێنان پێكهاتووە بەردەوامن لەكاركردن و بەشێكیان لە قۆناغی كۆتاییدان.
زیاتر گوتی، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە ژێرخانی ئابووری سلێمانی دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و دەبووژێتەوە.
دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم وەبەرهێن و بازرگانان دڵنیایی زیاتریان بۆ دروست بوو لەوەی دەست بە پڕۆژەكانیان بكەنەوە كە پێشتر بەهۆی تەنگژەی دارایی و شەڕی داعشەوە راگیرابوون.
لای خۆیەوە رەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، چەندان پڕۆژەی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان دەستیان بەكاركردن كردووە كە بەشێكی ئەو پڕۆژانە مۆڵەتیشیان پێنەدراوە.
باسی لەوە كرد، عەلوەی تازەی سلێمانی كە 70% كارەكانی تەواوبووە هێشتا مۆڵەتی كاركردنی وەرنەگرتووە.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا