سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌مساڵ له‌سنووری قه‌زای پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری، رووبه‌رێكی زۆری زه‌ویه كشتوكاڵییه‌كان، به‌رهه‌می شووتی و ته‌ماته‌ی تێدا چێنراوه، به‌ڵام به گوته‌ی به‌رپرسی كشتوكاڵی پێنجوێن، ماوه‌ی 10 ساڵ ده‌بێ هیچ ئامارێكیان له‌به‌رده‌ستدا نییه و نازانن به‌رهه‌می ساڵانه‌یان چه‌نده.
سامان كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی پێنجوێن به "وشه"ی راگه‌یاند، پێنجوێن وه‌ك ناوچه‌یه‌كی له‌باری كشتوكاڵ بۆ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه هاوینیه‌كان، خاوه‌نی رووبه‌ڕێكی زۆری "شووتی و ته‌ماته"یه كه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان ناوبانگێكی باشیان هه‌یه، به‌ڵام تا ئێسته نازانین بڕی به‌رهه‌می ئه‌مساڵ و ساڵانی رابردووش چه‌نده، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه كارمه‌ندمان كه‌مه و لیژنه‌مان نییه، تا رۆژانه بیانێرین كه بزانین به‌نموونه له‌گوندێكدا چه‌ند رووبه‌ڕ زه‌وی كراوه‌ته كشتوكاڵ و بڕی به‌رهه‌م چه‌نده.
زیاتر گوتی، ماوه‌ی 10 ساڵ ده‌بێ ئاماری به‌رهه‌می ساڵانه‌ی هیچ به‌رهه‌مێكی كشتوكاڵیمان نییه و نازانین چه‌نده و ئه‌وه‌شی ده‌وترێت به‌گۆتره‌یه و له‌خۆوه‌یه، بۆیه بۆ زانینی ئاماره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دروست، ده‌بێ لیژنه‌مان مه‌یدانی پشكنینی شوێنه‌كان بكات.
ئه‌كره‌م غازی رۆژنامه‌نووس له پێنجوێن له لێدوانێكدا بۆ "وشه" گوتی، ئه‌مه بۆ خۆی گرفتێكی گه‌وره‌یه و ناكرێت ناوچه‌یه‌كی گرنگی وه‌ك پێنجوێن كه خاوه‌نی زۆرترین به‌رهه‌می كشتوكاڵییه، بێ ئامار بێ.
روونیشی كرده‌وه، كاتێك بۆ راپۆرتێك ویستم ئامارێكی به‌رهه‌می چه‌ند ساڵێكی ته‌ماته و شووتیم ده‌ست بكه‌وێت له پێنجوێن، زۆر هه‌وڵماندا نه‌م توانی، له‌كاتێكدا ده‌بوایه به‌رپرسانی كشتوكاڵی سنووره‌كه به‌ر له‌هه‌ر كه‌سێكی تر، فشاریان له‌سه‌رووی خۆیان بكردایه تا كارمه‌ندانیان بۆ دابین بكه‌ن و بتوانن ئامارێكیان بۆ ئه‌رشیفی خۆیان و پێدانی به‌میدیاكان له‌مێژه‌وه ئاماده بكردایه.
شارۆكه‌ی پێنجوێن نزیكه‌ی 96 كیلۆمه‌تر له شاری سلێمانییه‌وه دووره و له‌وه‌رزه جیاوازه‌كانی ساڵدا، خاوه‌نی زۆرترین به‌رهه‌می كشتوكاڵییه، به‌ڵام هێشتا ئاماری رووبه‌ڕ و به‌رهه‌می ساڵانه‌ی تیا نییه و نازانرێت.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی