سبەی لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێم دەكات

:: PM:09:51:22/09/2019 ‌

ئەندامێكی كوردی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عتێراق ئاشكرای كرد كە بڕیارە سبەی دووشەم لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە كە لەلایەن پەرلەمانەوە پێكهێنراوە، سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی  هەناردەی نەوتی هەرێم.

غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ یەكشەم روونی كردەوە، لیژنەكە لە حەوت ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و وزە پێكهاتووە لەوانە دوو ئەندامیان كوردن، سبەی دووشەم سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئاگەداربوون لە دۆسیەكانی پێوەست بە هەناردنی نەوتەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، لیژنەكە سەردانی وەزارەتەكانی سامانە سروشتییەكان و دارایی و كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەكات، جیا لە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ) و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێكی تەواو لە ماوەی 14 رۆژ و پێشكەشكردنی بۆ پەرلەمان پێش دەستكردن بە گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەی گشتیی 2020ی عێراق بۆ زانینی قەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم. 

دوێنێ لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتی هەرێم پێكبێت، لای خۆیەوە رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڕیارەكەی بە پێشێلكردنی یاسا لەقەڵەم دا بەوپێیەی نەوت پرسێكی سیادییە و گرنگترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە و ناكرێت بێ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لیژنە بۆ لێوردبوونەوە لە هەناردەی نەوتی هەرێك پێك بهێنرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل