پۆمپیۆ: ئەمەریكا خۆی لە جەنگی ئێران لادەدات

:: PM:10:23:22/09/2019 ‌

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی هەوڵ  دەدات خۆی لە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران بەدوور بگرێت و ئاماژەی كرد كە هێزەكانی ئەمەریكا كە هەینی رابردوو بڕیاری رەوانەكردنی بۆ كەنداو درا، بۆ بەرگری و بەرپەرچدانەوەیە.

مایك پۆمپیۆ روونی كردەوە، ئەركی ئێمە خۆلادانە لە جەنگ، گوێتان لە قسەكانی مارك ئیسپەر وەزیری بەرگری بوو هەینی رابردوو كە باسی بڵاوكردنەوەی هێزی زیاتری لە ناوچەكە كرد بە مەبەستی بەرگریكردن و بەرپەرچدانەوە، وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە.

پۆمپیۆ لە دیدارێكی لەگەڵ پڕۆگرامی "فۆكس نیوز سەندەی" ئاماژەی كرد، ئەگەر رێوشوێنەكانی بەرپەرچدانەوە سەریان نەگرت، باوەڕم بەوە هەیە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەوەی پێویست بێت دەیگرێتە بەر و سەرانی ئێرانیش ئەوە باش دەدانن. 

ئەمڕۆ یەكشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە هیچ پلانێكی بەدەستەوە نییە بۆ سازكردنی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و روونی كردەوە كە لە میانەی بوونی لە نیویۆرك 15 كۆبوونەوە و دیداری هەیە و هیچیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران نین. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل