بە دەستبەتاڵی گەڕاندوویەتییەوە
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو داواكارییانە ڕەت دەكاتەوە كە بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی دەیخاتە بەردەمی بۆ مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا، بەوەش بافڵ تاڵەبانی بە دەستبەتاڵی لە بەغداوە دەگەڕێتەوە.
ناوەڕاستی ئەم مانگە، بافڵ تاڵەبانی بە یاوەری ئاراس جەنگیی ئامۆزای، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەركردە و بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق دیدار و كۆبوونەوەی هەبوو.
"وشە" هەفتەی پێشوو لە ڕاپۆرتێكدا مەبەست و ئامانجەكانی ئەو سەردانەی بافڵ تاڵەبانی ئاشكرا كرد، بەڵام داواكانی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پەسند نەكراون و بەبێ وەرگرتنی هیچ بەڵێنێك گەڕاوەتەوە سلێمانی.
سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی دوای نیگەرانییەكانی یەكێتی هات لە دانەنانی پارێزگاری كەركووك كە لەگەڵ پارتی لەسەری ڕێككەوتبوون، بەڵام عەرەب و توركمان ئۆكەی نادەن. بۆیە بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەغدای كرد و داوای لە عەبدولمەهدی كردبوو كە بە فەرمانی ڕاستەوخۆ پارێزگاری كەركووك دابنرێت و كەسێكی یەكێتی بێت، لە بەرانبەریشدا یەكێتی فشاری تەواوەتی دەخاتە سەر پارتی بۆ ڕادەستكردنی نەوتی كوردستان بە حكوومەتی عێراق و فشارەكانیش تا ئاستی جیاكردنەوەی سلێمانی دەبات.
ئەوەشی گوتووە، لە ئەگەری ڕادەستنەكردنی نەوتی كوردستان لەلایەن پارتییەوە، ئەوا یەكێتی سلێمانی لە هەرێم دادەبڕێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا دەكات و بلۆكە نەوتییەكانی سنوورەكە ڕادەستی بەغدا دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە وەریگرتوون، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بافڵ و ئاراسی ئامۆزای ڕاگەیاندووە، ئەوان بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك یەك قەوارەی ئیداری دەكەن و ئێستەیش چاوەڕێی بە ئەنجامگەیشتنی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدان.
عادل عەبدولمەهدی ئەوەیشی ڕاگەیاندووە، "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دژی ئەوەیە هەرێم بۆ دوو ئیدارە دابەش بكرێت و ڕێی پێ نادات".
مەترسیی سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی هەرزوو هاتە ناو قسەوباسی سیاسییەكانی كوردستانەوە، بەتایبەت كە تا ئێستە كورد باجی دۆسیەی ١٦ی ئۆكتۆبەری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەدات، كە بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی كورد و لەدەستدانی ٥١%ی خاكی كوردستان، كە بافڵ تاڵەبانی بەگوتەی خۆی "بە واژووی 26 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئەو كارەی ئەنجام دا".
رووداوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، كرۆكی كێشەكانی كەركووكە كە خۆیان بەرپرسن لە ئەنجامدانی و دووكەوتنەوەیان لە هەموو دەسەڵاتە سەربازیی و ئیدارییەكانی ئەو شارە كە بەدەست یەكێتییەوە بوون.
محەمەد ئەمین پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق باسی لەوە كرد، نموونەی ١٦ی ئۆكتۆبەر دیارە و دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەیە كە هەركات و هەر لایەنێك تاكلایەنە هەڵسوكەوت بكات بەدەر لە كاری یەكڕیزی و دامەزراوەیی و حكوومی، بە زیان بۆ سەر كوردستان دەشكێتەوە و هەر هەنگاوێك چەند دەیەیەك كوردستان دێنێتە دواوە.
بۆ "وشە" گوتی، "حكوومەتی عێراق تا ئاستێك دامەزراوەییە، بەتایبەت ئەم سەرۆك وەزیرانەی ئێستە بەردەوام دووپات لە جێبەجێكردنی دەستوور دەكاتەوە، بۆیە كاری نادەستووری ناكات و بەپێی پڕۆتۆكۆل و دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات."
ئەو هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی نەك لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە، بەڵكو لەلایەن بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتیشەوە ڕەت كرایەوە و نیگەرانییان نیشان دا و پێیان وایە ئەو جۆرە هەڵسوكەتانە، پێوەندی و ڕێككەوتنەكانیان لەگەڵ پارتیدا لاواز دەكات و متمانەی نێوانیان كەم دەكاتەوە.
حەسەن ئاڵی پەرلەمانتاری یەكێتی لە عێراق، ئاماژەی بەوە دا كە هەر حزبێك پێوەندیی سیاسیی خۆی هەیە و ناكرێت هەر حزبێك سەردانی بەغدا بكات وا لێك بدرێتەوە دەیەوێت بۆ ڕێككەوتن و بازدان بەسەر حكوومەتی هەرێمدا هەنگاو دەنێ.
*
ئەو هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی نەك لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە، بەڵكو لەلایەن بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتیشەوە ڕەت كرایەوە