له سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه له نیسانی 2020 به‌ڕێوه ده‌چێت، میلیشیا شیعه‌كان به به‌رگێگی نوێ و به ناوی حزبی "ئه‌مانه" له خانه‌قین كه به‌شێكه له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، باره‌گایان كردووه‌ته‌وه. به‌رپرسێكی پارتی ئه‌و كاره به مه‌رامێكی تری میلیشیاكان له قه‌ڵه‌م ده‌دات بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونیان به‌سه‌ر خانه‌قیندا.
شێركۆ تۆفیق كارگێڕی لقی 15ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان، به"وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ی ئێمه دركمان پێ كردووه له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه، سه‌رباری داگیركردنی ناوچه كوردستانییه‌كان، چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی نه‌یانتوانیوه هیچ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌بێ له‌سه‌ر هزر و بیری خه‌ڵكی ناوچه كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی خانه‌قین.
ئه‌و روونی كرده‌وه، نه له روانگه‌ی مه‌زه‌وی و نه له روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی متمانه‌ی خه‌ڵكی خانه‌قینیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه، بۆیه ئێسته له رێی دروستكردنی حزبه‌وه هاتوونه‌ته‌وه پێش.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه، میلیشیاكان له خانه‌قین حزبێكیان دروست كردووه به‌ناوی حزبی "ئه‌مانه" كه له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به‌ناوی لوقمان باجه‌لان سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێ.
*حزبه‌كه دامه‌زراوه و ده‌ستیان كردووه به ناونووسینی خه‌ڵك و به‌ڵێنی دامه‌زراندن ده‌ده‌ن.
به‌گوته‌ی شێرۆك "ئه‌وه جۆرێكی تره له جاشایه‌تی و نۆكه‌رایه‌تی، كه‌سانێك خۆیان به كورد ده‌زانن و دڵنیان ئه‌و هه‌وڵه بۆ دژایه‌تی و ئه‌لته‌رناتیڤی حزبه كوردستانییه‌كان به‌كار دێ له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، به‌ڵام كاریشی تێدا ده‌كه‌ن".
زیاتر خستیه‌ڕوو، حزبه‌كه دامه‌زراوه و ده‌ستیان كردووه به ناونووسینی خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت به‌ڵێنی دامه‌زراندن ده‌ده‌ن، بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك ده‌ڵێن له ته‌واوی ناوچه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر میلاكی خۆیان پێنج هه‌زار كه‌س داده‌مه‌زرێنن و ده‌یانكه‌نه چه‌كدار له ریزی هێزه ته‌ناهییه‌كان، بۆیه تا ئێسته نزیكه‌ی 500 كه‌س ناوی خۆیان تۆمار كردووه و ده‌یانه‌وێ به‌م كاره خه‌ڵك له هه‌ستی كوردایه‌تی دوور بخه‌نه‌وه.
"خه‌ڵكی خانه‌قین له‌وه دڵنیان ئه‌مانه كێن و بۆ چ مه‌به‌ستێك هاتوون، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌ستی دراوه‌تێ، زۆر ناشیرینه و خیانه‌تێكی تری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه" تۆفیق وای گوت.
پێویسته بگوترێ له هه‌ڵبژاردنی رابردوو، كاندیدی میلیشیاكان له خانه‌قین كه‌مترین ده‌نگیان هێنا.
خانه‌قین ناوچه‌یه‌كی سنوورییه و سنوورێكی درێژی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، بۆیه میلیشیاكان هه‌رجاره‌ی به‌ناوێكه‌وه ده‌یانه‌وێ له خانه‌قین جێ پێی خۆیان جێگیر بكه‌ن، به‌ڵام شێركۆ تۆفیق پێداگری له‌وه ده‌كات كه میلیشیاكان بۆیان ناچێته سه‌ر. به پێویستیشی ده‌زانێ له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بۆچوون و گوتاری لایه‌نه كوردستانییه‌كان یه‌ك بخرێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شۆڤێنییه‌كان.
لایه‌نه كوردییه‌كانی سنووری خانه‌قین بۆ مه‌به‌ستی نزیكبوونه‌وه له گفتوگۆدان، پارتی پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر یه‌كڕیزی كورد له ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله، بۆیه پێشوازی له یه‌ك لیستی ده‌كه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل.
"وشه" هه‌وڵی دا به‌رپرسانی حزبی ئه‌مانه بدوێنێ، به‌ڵام زیاتر له جارێك به‌هۆی سه‌فه‌ری به‌رپرسه‌كانیانه‌وه بۆ به‌غدا ئاماده‌ی دیدار و لێدوان نه‌بوون، هێنده‌یان گوت "وه‌ك حزبێكی تری سیاسی خۆیان راگه‌یاندووه و له خانه‌قین ده‌ستیان به‌كاری سیاسی كردووه".
چه‌ند كوردێكی ناو ئه‌و حزبه، "وشه"یان له‌وه ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مه باره‌گایان له خانه‌قین كردووه‌ته‌وه.
"وشه" ئه‌وه‌شی زانی لوقمان باجه‌لان یه‌كه‌م كوردی سنووری كه‌لاره كه فه‌وجی میلیشیا شیعه‌كانی دامه‌زراند، به‌رپرسیارێتی سنووری خانه‌قینی حزبه نوێیه‌كه‌یشی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ.
جگه له پارتی، حزبه كوردستانییه‌كانیش له‌م هه‌نگاوه‌ی میلیشیاكان ئاگادارن.
عه‌باس ره‌حمان به‌رپرسی كۆمیته‌ی رێكخستنی خانه‌قینی حزبی شیوعی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌وان وه‌ك حزبی شیوعی سه‌ردانی حزبی ئه‌مانه‌یان نه‌كردووه و له‌وه‌ش دڵنیان كه به‌شێكن له میلیشیاكان و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن پێگه‌ی حزبه شیعه‌كان به‌هێز بكه‌ن.
وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه‌ی حزبی شیوعی كوردستان له خانه‌قین خستیه‌ڕوو، لێكه‌وته‌كانی رووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر خانه‌قین و ناوچه كوردستانییه‌كاندا هات، رێخۆشكه‌ر بوو بۆ دروستكردنی حزبی تری پاشكۆی میلیشیا شیعه‌كان.
له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی دروستكردنی حزبی مه‌زه‌وی و پاشكۆی میلیشیا شیعه‌كان له خانه‌قین، ئارام محه‌مه‌د چاودێری سیاسی و شاره‌زای ناوچه‌كه، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، خانه‌قین بۆ میلیشیاكان له زۆر رووه‌وه گرنگه، بۆیه هه‌میشه هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه تا ته‌عریبی زیاتری بكه‌ن و په‌ره به پرۆسه‌ی به شیعه‌كردن بده‌ن.
ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی خانه‌قین شیعه‌ن و له‌و رووه‌وه هه‌وڵ هه‌یه بۆ راكێشانی سۆزیان، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه بۆ ئه‌وه ده‌چن كه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كوردانی خانه‌قین له هه‌ستی مه‌زه‌وییان به‌هێزتر و تۆختره.
وه‌ك ئاماژه‌ی پێ كرد، پێگه جیۆگرافییه‌كه‌ی خانه‌قین كه هاوسنووری ئێرانه و رێڕه‌وی گه‌یشتن به سامه‌ڕا و دیاله‌یه، بۆ میلشیاكانی عێراق به تایبه‌تی نزیكه‌كانی ئێران به گشتی، زۆر گرنگه. بۆیه دروستكردنی حزبی پاشكۆی میلیشیاكان كارێكی چاوه‌ڕوانكراوه.