دهۆك.. زیاتر لە 200 منداڵ بوونەتە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ

:: PM:01:21:05/10/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ئەو پارێزگایە، تاوتوێی هۆشیاری هاتوچۆیان لە ناوەندەكانی خوێندن كرد و نامیلكەیەكی تایبەتیان پێشكەش بە پەروەردەی دهۆك كرد بۆ ئەوەی لە باخچەی منداڵان و قۆناغی بنەڕەتی بخوێنرێت. هاتوچۆی دهۆكیش دەڵێ، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 200 منداڵ بوونەتە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تشرینی یەكەم، ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك به ‌"وشە"ی راگەیاند، رووداوەكانی هاتوچۆ كاریگەری خراپ لەسەر رەوشی سلامەتی منداڵانی كوردستان بە گشتی و پارێزگای دهۆك بە تایبەتی كردووە و پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان بە زووترین كات بێنە سەرخەت و پێش بە رووداوەكان بگرن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو رووداوانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك كۆنفرانسێكمان بە هاوكاری پەروەردە ئامادە كرد، دواتر نامیلكەیەكی پڕ لە زانیاری و رێنوێنیی و هۆشیاركردنەوە بە پەروەردە درا بۆ ئەوەی لەمەودوا لە باخچەی منداڵان و قوناغەكانی بنەڕەتی وەك وانەیەكی رۆژانە بخوێنرێ و منداڵانی كوردستان پەروەردە و هوشیار بكرێن بۆ ئەوەی لەلایەك نە بنە قوربانی، لەلایەكی ترەوە ئەوان دەبنە شوفێری ئایندە و باشتر لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل تێبگەن.

"هەر رووداوێكی هاتوچۆ لە دوو رووەوە كاریگەری لەسەر منداڵ هەیە، لەلایەك منداڵەكە خۆی كە دەبێتە قوربانی و گیانی لەدەست دەدات یان بریندار و كەمئەندام دەبێت، لەلایەكی ترەوە كاتێك باوك یاخۆ دایكی بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ گیانی لەدەست دەدات، ئەوا بەبێ سەرپەرشت دەمێنێتەوە و تا گەورە دەبێت چەندان كێشەی كومەڵایەتی و ئابووری رووبەڕووی دەبێتەوە". ئازاد تەها وای گوت.

جەمبد شوكری سەروكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە چەندان جار پێشنیازی ئەوەم كردووە كە پێویستە رێنوێنییەكانی هاتوچۆ ببێتە بەشێك لە پرۆسەی خوێندن، بەڵام تا ئێستە ئەنجامی نەبووە.

دووپاتی دەكاتەوە، پێویستە وەزارەتی پەروەردە گرنگییەكی زۆر بە هۆشیاركردنەوەی منداڵان و قوتابییان بدات بۆ ئەوەی ئەوان پارێزراو بن لە رووداوەكانی هاتوچۆ، چونكە لێرە و لەوێ منداڵ بەبێ هۆكار دەبێتە قوربانی هاتوچۆ.

ساڵی 2017 لە سنووری پارێزگای دهۆك هەزار و 125 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و لە ئەنجام دا 145 كەس گیانیان لە دەست داوە كە‌ 27یان منداڵ بوون، هەروەها هەزار و 658 كەسی تریش بریندار بوون و لەوانە 367یان منداڵ بوون، ساڵی 2018 لە دهۆك هەزار و 91 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و لە ئەنجامدا 117 كەس گیانیان لەدەست داوە كە 21یان منداڵ بوون، هەروەها هەزار و 71 كەسی تریش بریندار بوون و لەوانە 244یان منداڵ بوون.

بێجگە لە قوربانیانی مانگی ئەیلوول و سەرەتای مانگی تەشرینی یەكەم كە ئامار لە بەردەست نییە، تەنیا لەماوەی هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك 658 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و لە ئەنجام دا 62 كەس گیانیان لە دەست داوە، لەوانە 13 منداڵ بوون، هەروەها 713 كەسی تریش بریندار بوون و  186یان منداڵ بوون، واتە 199 منداڵ لە هەشت مانگدا بوونەتە قوربانی.

لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 480 هەزار قوتابی لە ناوەندەكانی خوێندنی پەروەردەیی دەخوێنن، ساڵانە نزیكەی 50 هەزار قوتابی نوێ وەردەگیرێن.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان