خۆپێشاندانەكانی بەغدا نرخی دۆلاری بەرز كردەوە

:: PM:05:12:05/10/2019 ‌
نزیكەی هەفتەیەكە  بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە دۆخی عێراق ئاڵۆز بووە، هاوكات  بەهۆی نەهاتنی دۆلار لە بانكەكانی بەغدا و ئاڵۆگۆڕ پێنەكردنی نرخەكەی بەرز بووەتەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، خۆپێشاندانەكان مایەی سەرنج و تێبینین.
 
كۆچەر ئیبراهیم وەك یەكێك لە نوێنەرانی ئاڵوگۆڕكەرانی نرخی دراوە بیانییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بە بەروارد بە دوو ڕۆژی پێشوو نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
زیاتر گوتی، بەر لە سێ‌ ڕۆژ نرخی 100 دۆلار بە 120 هەزار و 300 دینار بوو بۆ فرۆشتن، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە بۆ 120 هەزار 750 دینار بەرز بووەتەوە.
 
هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، نرخی دۆلار لە هەموو ناوچەكان لە عێراق بەمشێوەیە بەرز بووەتەوە و هۆكارەكەشی بۆ نەهاتن و خەرج نەكردنی دۆلار دەگەڕێتەوە لە بەغداوە.
 
لای خۆیەوە مەنار عەبدولموتەلب پەرلەمانتاری سوننە لە لیستی قەڵای جەماوەری نیشتمانی بۆ "وشە" ئاماژەی دا، رێگە داخستن و توندوتیژی نواندن لە خۆپێشاندانەكان دۆخێكی نەخوازراوی هێناوەتە ئاراوە كە بووەتە هۆكاری ونكردنی داوای راستەقینە و خواستی راستەقینەی شەقام.

 ئێستە بەهۆی خۆپێشاندانەكانی بەغدا ژمارەی قوربانیان بۆ سەرووی 300 كەس بەرز بووەتەوە و ئەوەیش دۆخی بازاڕ و ژیانی خەڵكی ناوچەكانی بەغدای بەتەواوی تێكداوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 26114 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌