ژنێكی 17 ساڵ بە پەت خۆی هەڵواسی و گیانی لە دەست دا

:: PM:05:47:06/10/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رای گەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ژنێكی 17 ساڵ لە ماڵی خۆیدا لە گوندی سەروچاوەی شارەدێی بێتواتە دۆزراوەتەوە.

لە ژوورێكی ماڵەكەی خۆیان لە سەروچاوە بە پەت خۆی هەڵواسیوە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، تەرمی ژنێك بەناوی (ب،خ) تەمەن /17 ساڵ/  پیشەی ژنی ماڵ و دانیشتووی سەروچاوەی سەر بە شارەدێی بێتواتە سەر بە رانیە بە مردویی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە كە شوێنەواری برینی پەت بە ملییەوە هەبوو.

" هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی بێتواتە و تیمی بەڵگەكانی تاوانی راپەڕین دەستبەجێ گەشتنە شوێنی رووداوەكە. دوای لێكۆڵینەوە و بەگوێرەی وتەی هاوسەرەكەی دەركەوت كە ناوبراو لە ژوورێكی ماڵەكەی خۆیان لە سەروچاوە بە پەت خۆی هەڵواسیوە و هەر بەوتەی هاوسەرەكەی ناوبراو هیچ كێشەیەكی نەبووە" ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیس وای تێدا نووسراوە.

هەروەك ئاماژە بەوە كراوە كە لە كاتێكدا ژنەكە خاوەن هاوسەر و یەك منداڵە. دوای ئەوەی تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەری رانیە توێكاری بۆ ئەنجام درا، رادەستی كەسوكاری كرایەوە.

لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ تەرمی كچێكی تر تەمەن/15ساڵ/ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ كە بە گوتەی كەسوكارەكەی فیشەكی بە هەڵە بەخۆیەوە ناوە، سەرچاوەیەكیش لە نەخۆشخانەكە بۆ "وشە" گوتی، لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم