لە شەقامی هەولێر– مەخموور 30 هەزار نەمام چێنران

:: AM:08:56:07/10/2019 ‌
شەقامی هەولێر- مەخموور، یەكێك لەو شەقامانەی هەولێرە كە بێبەش بوو لە سەوزایی و دار و درەخت، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، بە پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی و ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی، توانی لەو شەقامە 30 هەزار نەمام بچێنێت و پلانیش هەیە كۆمەڵێك پاركی هاوشێوەی شانەدەر لە گەڕەكە نوێیەكانی هەولێر دروست بكرێن.

ئەو شوێنەی 30 هەزار دار و نەمامەكەی لێ چێنراوە، لە شەقامی بازنەیی 100 مەترییەوە دەست پێ دەكات و تا مامزاوە درێژەی دەبێت، جگە لە سەوزایی ناوەندی شەقامەكە، ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەكە چەندان جۆر دار و نەمامی جوانیان لێ چێنراوە و دیمەنێكی زۆر سەرنجڕاكێشی بە شەقامەكە بەخشیوە، لە داهاتوودا بە گەورەتربوون و پێگەیشتنی نەمامەكان، رووخساری ئەم شەقامە زۆر زیاتر جوان دەبێت.
لە گەڕەكە نوێیەكانی هەولێر پاركی هاوشێوەی شانەدەر دروست دەكرێن
شەقامی مەخموور كەوتووەتە باشووری هەولێری پایتەخت، بەهۆی ئەوەی ناوچەی پیشەسازی لێ هەڵكەوتووە و بە سەدان كارگە چالاكییان هەیە، بەردەوام كەشوهەواكەی تۆزاوی و پیسە، بۆیە چاندنی نەمام و دروستكردنی پارك و باخچە دەتوانێ بەشێك لەم پیسییە پاك بكاتەوە.
ئاكۆ عەبدوڵا بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، 30 هەزار نەمامەكە بە درێژایی پێنج كیلۆمەتر چێنراوە، جگە لەو مەودایەی شەقامی 100 مەتری بە 120 مەتری گرێ دەدات و دوای ئەویش تا مامزاوە درێژەیان بە چاندنی نەمام داوە.

بەگوتەی ئاكۆ "هەندێك شوێن كە ئاوەڕۆی نیوەچڵ بووە، بۆ ئەوەی نەمامیان لێ بچێنرێت، بەڕێوەبەرایەتییەكە لەسەر ئەركی خۆی كەموكورتییەكانی چارەسەر كردووە و تەواوی شوێنەكانی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بكرێن بە سەوزایی".

جۆری ئەو نەمامانەی لەو شوێنە چێنراون، بریتین لە جۆرەكانی تەسبیح، سنەوبەری كەسك، داری كورتەباڵای واشنتن و چەند جۆری تری دار كە زۆر جوان و گونجاون بۆ پەرەپێدانی سەوزایی شار. 

وەك ئەو بەرپرسە خستیەڕوو، هەڵمەتەكەیان بە هاوكاری وەزارەتی شارەوانی و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی چوار و شەش ئەنجام داوە و رێكخراوی مانگی سوور یارمەتی داون، بەڵام بۆ دابینكردنی نەمام پشتیان بە نەمامگەكانی خۆیان بەستووە.

جێی باسە بەڕێوەبەرایەتییەكە خاوەنی سێ نەمامگەیە، هەوڵ هەیە توانای دابینكردنی نەمام بۆ مەبەستی پەرەپێدانی سەوزایی بۆ دوو هێندە بەرز بكرێتەوە. 

وەك بەرپرسەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكان دەڵێ:
لە دوو مانگی داهاتوودا هەڵمەتێكی تری چاندنی نەمام رێك دەخەین و چاوەڕوانین نەمامەكانمان باشتر پێ بگەن بۆ ئەوەی گونجاو بن بۆ چاندن

ئەو نەمامانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە شەقامی مەخموور چێنراون، بۆ ئاودانیان پشت بە تانكەر نابەسترێت و بە سیستمی ئاودێری دۆڵۆپاندن سەرجەم نەمامەكان لە كاتی پێویستدا ئاودێری دەكرێن. 

 ساڵی رابردوو هەمان بەڕێوەبەرایەتی 65 هەزار نەمامی چاند و بەگوتەی ئاكۆ عەبدوڵا، سەرجەم نەمامەكان پێگەیشتوون و بەردەوام چاودێرییان كردوون، ئەگەر دارێك یان نەمامێك وشك ببێت، لە جێی نەمامی تریان چاندووەتەوە. جگەلەمە 25 باخچەی هەولێر بەسەر كراونەتەوە، لەو شوێنانەی دارێك وشك ببێت یان شوێنێك هەبێت شایانی ئەوە بێت نەمامی لێ بچێنرێت، چاندوویانە.

رێژەی سەوزایی لە هەولێر بەپێی رێژەیەك كە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەیخاتە ڕوو، %18.6ـە و ئەو رێژەیە ئەگەر لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان هەڵبسەنگێنرێت تەواوە، بەڵام وەك ئاكۆ عەبدوڵا باسی دەكات "چونكە شاری هەولێر بەشێوەی ئاسۆیی گەشەی كردووە، رێژەكە دەبێت زیاتر بەرز بكرێتەوە".

هەولێر پێشتر تەنیا باخچەی گڵكەندی هەبوو كە سەوزاییەكی ناڕێك بوو لە رووبەرێكی بچووكدا، بەڵام لە 15 ساڵی رابردوودا سەدان هەزار دۆنم لە خاكەكەی كرا بە پارك و سەوزایی، كە دیارترینیان "پاركی سامی عەبدولڕەحمان، منارە، شاندەر، پێشمەرگە"ن.
ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكان، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە پلانی چوار ساڵەی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخێكی تایبەت بە ژینگە و پاركەكان دراوە، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و ساسان عەونی خۆی كە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارە، پێداگری لە خزمەتكردنی ژینگە دەكەن.

ئەو روونی كردەوە، لە پلانەكەدا كۆمەڵێك پڕۆژە هەن كە هیوادارین هەرچی زووە جێبەجێ بكرێن و  بودجەیان بۆ دابین بكرێت، لەو پڕۆژانە هەوڵ دراوە لەو گەڕەكانە پارك دروست بكرێت كە پاركیان نییە و لە پاركەكانی سەنتەر دوورن.

بەڕێوەبەر ئاماژەی بە گەڕەكەكانی ژیان و رۆشنبیری و فەرمانبەران كرد كە پاركی نوێیان لێ دەكرێتەوە، بەم هەنگاوەیش دوو ئامانج دەپێكن، یەكەم خەڵك بتوانن لە ژینگەیەكی لەباری گەڕەكەكەیان سوود وەربگرن، لەلایەكی تریشەوە ناچار نەبن بێنە پاركەكانی سەنتەری شار و ببنە هۆی دروستكردنی قەرەباڵغی لە هەولێر.

پێویستە بگوترێ لە نەخشەی گەڕەكە نوێیەكان، لە سەرجەم گەڕەكەكان شوێنی سەوازیی دەستنیشان كراوە و ژمارەیەك لە هاووڵاتییان پێشی ماڵەكانیان كردووەتە سەوزایی و دار. 

ئەو بەرپرسەی ئەندازەی پاركەكان دەڵێ، "ئەگەر هاووڵاتی هەر هەنگاوێك بۆ چاندنی دار و پەرەپێدانی سەوزایی بنێت، دەستخۆشی لێ دەكەین، بە مەرجێك باخچەكە نەكاتە موڵكی تایبەتی خۆی، بەڵكو پێویستە بۆ خزمەتی گشتی گەڕەكەكە بەكار بێت".









وشە - سلێمان تاشان