له پڕۆژه‌ی دووسایدكردنی گه‌رمیان - سلێمانی و له نێوان باوه‌نوور تا ده‌ربه‌ندیخان، بایی نیو ملیۆن دۆلار ستوونی كاره‌بای نوێ له گرێبه‌سته‌كه‌دا جێ كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌به‌رهێنی پڕۆژه‌كه ئه‌و ستوونه كۆنانه‌ی به‌ر دووسایده‌كه ده‌كه‌ون، ههڵیكهندوونهتهوه و له شوێنی تازه‌كان دایناون. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی "به‌دواداچوون" ده‌كات.
دووسایدی گه‌رمیان- سلێمانی له پڕۆژه له‌كاركه‌وتووه‌كانی ڕابردووه، له پڕۆژه‌كه‌دا 295 ستوونی كاره‌با هه‌یه كه بۆ هه‌ریه‌كێكیان هه‌زار و 500 دۆلار ته‌رخان كراوه، جیا له‌وه‌ی ئه‌و نرخه زۆر زۆره كه بۆ كڕینی ستوون دانراوه، به‌ڵام وه‌به‌رهێنه‌كه ستوونی نوێی نه‌كڕیوه و هه‌ر ستوونه كۆنه‌كان كه به‌رشه‌قام كه‌وتوون، هه‌ڵیكه‌ندوون و دایناونهتهوه و قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كه 450 هه‌زار دۆلاره.
كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند: له به‌دواداچوون و سه‌یركردنی گرێبه‌ست و ده‌رخسته‌ی پڕۆژه‌كه له ئه‌نجوومه‌ن، بۆمان ده‌ركه‌وت بۆ هه‌ر ستوونێكی كاره‌با "عاموود" هه‌زار و ٥٠٠ دۆلار دیاری كراوه، له كاتێكدا له بازاڕ به 400 بۆ 500 دۆلاره.
به‌گوته‌ی كه‌ریم "سه‌رباری ئه‌وه‌یش، وه‌به‌رهێنه‌كه ستوونی تازه‌ی نه‌كڕیوه، هه‌ر ستوونه كۆنه‌كانی داناوه‌ته‌وه كه كۆنن و هه‌ندێكیان لار بوون و هه‌ندێكیشیان هه‌ر كه‌ڵكی به‌كارهێنانه‌وه‌یان نه‌ماوه".
ستوونی كاره‌بای كۆن بە 1500 دۆلار حساب کراوە و نەشکڕاوە
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، "له گه‌رمیان تا ئێسته 44 گوند هه‌ن هه‌ر كاره‌بایان بۆ نه‌چووه، پێویست بوو حكوومه‌ت ئه‌و ستوونه كۆنانه وه‌ربگرێته‌وه و كاره‌بای بۆ ئه‌و گوندانه پێ ڕابكێشێت، نه‌ك به‌و شێوه‌یه بۆ هه‌ر ستوونێك كۆمپانیای وه‌به‌رهێن هه‌زار و 500 دۆلار وه‌ربگرێت و هه‌ر كۆنه‌كانیش دابنێته‌وه."
"ئێمه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌بای سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخان و گه‌رمیانمان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، پێویسته ئه‌و كاره به‌دواداچوونی ته‌واوی بۆ بكرێت و چی له گرێبه‌ست و دهرخستهكهدا هه‌یه، وه‌ك خۆی به كۆمپانیا جێبه‌جێ بكرێت". ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی وای گوت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ڕێی كه‌لار- سلێمانی ماوه‌ی چوار ساڵی ده‌وێت بۆ ته‌واوبوون و بڕیار وایه تونێلێكی تریش له ده‌ربه‌ندیخان لێ بدرێت.
سیروان محه‌مه‌د گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌بای سلێمانی به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، به ڕاپۆرته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاگه‌دار بووینه‌وه له‌و كاره، ئێسته به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی داوای ڕاپۆرته به‌راییه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كردووه تا به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كاره بكرێت.
گوته‌بێژه‌كه‌ی كاره‌با دووپاتی كرده‌وه، "بێگومان ئه‌گه‌ر كاره‌كه به‌و جۆره بێت كه ستوونه كۆنه‌كان دابنرێنه‌وه، نابێ و ڕێگه‌ی لێ ده‌گیرێت".
دووسایدكردنی پڕۆژه‌كه دوو قۆناغ بووه، ئه‌وه‌ی كه‌وتووه‌ته سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه ته‌واو بووه و ستوونی نوێی بۆ دانراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی سلێمانی، ستوونه‌كانی گۆڕاون و هێشتا ته‌واو نه‌كراون.
حازم كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای گه‌رمیان بۆ "وشه"ـی ئاشكرا كرد، "ئه‌وه ڕاسته، به‌ڵام كه‌وتووه‌ته ئه‌و به‌ره‌ی كه ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر سلێمانی به‌تایبه‌ت ڕێی ده‌ربه‌ندیخان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌وتووه‌ته سنووری گه‌رمیانه‌وه هه‌موو ستوونه‌كان نوێن و هیچیان ستوونی كۆن دانه‌نراونه‌ته‌وه".
به‌گوته‌ی حازم، "ستوونه كۆنه‌كانمان هه‌مووی داوه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌بای گه‌رمیان، ئێسته‌یش له چه‌ند به‌شێكی تری شه‌قامه‌كه ئیشكردن به‌رده‌وامه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناهێڵین ستوونی كۆن دابنرێت و چاودێریی كاره‌كه ده‌كه‌ین به وردی."
كاره‌با و رێگه‌وبان، دوو كێشه‌ی سه‌ره‌كی كوردستانن و هێشتا هاووڵاتییان ده‌ناڵێنن به ده‌ستیانه‌وه، به‌ڵام حكوومه‌تی نوێی هه‌رێم له كارنامه‌كه‌یدا رای گه‌یاندووه كه كاری رژدی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
له رۆژانی رابردوو حكوومه‌ت 35 ملیار دیناری ته‌رخان كرد بۆ چاككردنه‌وه‌ی رێگه‌وبانه‌كان به‌ر له هاتنی وه‌رزی زستان و باران.
وشه/ هه‌ستی كه‌مال