هەڵەبجە وەك پایتەختی ئاشتی داوای بودجە دەكات

:: PM:04:41:08/10/2019 ‌
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕای گەیاند، بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ژێرخانی پایتەختی ئاشتیی دابنرێ‌، بەڵام تا ئێستە ئەو بودجەیە بۆ هەڵەبجە دابین نەكراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوای ئەوەی ساڵی 2014 هەڵەبجە بووە پارێزگا و پاشان بە پایتەختی ئاشتی ناسێندرا، لە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هاتووە، دەبێت بودجەیەكی تایبەت بۆ بنیاتنانی ژێرخانی پایتەختی ئاشتی دابندرێت، بۆ ئەوەی تەواوی كۆنفرانسەكانی بواری ئاشتی لەسەر ئاستی كوردستان لە هەڵەبجە ساز بكرێت.
 
روونیشی كردەوە، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان داوامان لێ كردن، كار بەو یاسایە بكرێت كە دەبێت بودجەیەكی تایبەت هەبێت بۆ هەڵەبجە بۆ بنیاتنانی پایتەختی ئاشتی، چونكە ناكرێت هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی بێت، بەڵام هیچ كۆنفڕانسێكی ئاشتی لەو شارە ئەنجام نەدرێت، بۆیە شاندەكەی پەرلەمان بەڵێنیان پێ داین بەدواداچوون بۆ داواكان بكەن.

دەبێت بودجەیەكی تایبەت هەبێت بۆ هەڵەبجە بۆ بنیاتنانی پایتەختی ئاشتی
هەروەك دووپاتی كردەوە، لە داهاتوو نووسراوێك ئاراستەی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە هەڵەبجە و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێم دەكەین تا بە تەواوی دابینكردنی ئەو بودجەیە بچێتە واری جێبەجێكردنەوە.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، بەهۆی نەبوونی هۆڵی كۆنفڕانس و گەلەری تائێستە نەتواندراوە كۆنفڕانسەكان تایبەت بەئاشتی بهێندرێتە هەڵەبجە، ئەگەر بودجەی تایبەت هەبێت ئەوە دەتواندرێت هۆڵ و گەلەری دروست بكرێت.

هەڵەبجە ئێستە وەك پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ‌، بەڵام تا ئێستە بەشێكی زۆری بەڕێوەبەرایەتییەكانی تێدا نەكراوەتەوە.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ




وشە - سه‌رخێڵ هاشم