هەولێر و بەغدا ئامادەسازییەكانی سەرژمێری دانیشتوان تاوتوێ دەكەن

:: PM:11:40:08/10/2019 ‌

شاندێكی هەرێمی كوردستان كە لە وەزارەتی پلاندانان پێكهاتووە، سەردانی بەغدای كردووە و لەسەر پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی لە عێراق كۆ دەبنەوە و گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمیش تەوەرەكانی گفتوگۆیەكە رادەگەیەنێت.

 ئەمڕۆ سێشەم عەبدوڕەزاق محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شاندێكی باڵای وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە و لەبارەی چەند پرسێكەوە گفتوگۆ دەكرێت، روونی كردەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆكە سەرژمێرییە لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، هەر یەك لە ئاماری هەرێم و بەغدا لە كۆبوونەوەكەدا قسە لەسەر چەند پرسێك دەكەن كە تایبەتە بە سەرژمێری، یەكەم لەسەر پرسی ناردنی ئەو پارەیەی كە بەغدا دابینی دەكات بۆ هەرێمی كوردستان وەك بودجە بۆ سەرژمێری بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێت، هەروەها لەسەر پرسی ئامادەكارییەكان كە لەسەر هەرێمی كوردستان پێویستە بیگرێتە بەر بۆ دامەزراندنی لیژنەی باڵای سەرژمێری.

تا ئێستە ئامادەكارییەكان لە قۆناغی سەرەتاییدان
محەمەد روونی كردەوە، تا ئێستە ئامادەكارییەكان لە قۆناغی سەرەتایدان، هەروەها ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمەڵێك زانیاری كە لە هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی سەرژمێری عێراق سەردانی ئوردنیان كردبوو لەگەڵ گەورە ڕاوێژكارانی نێودەوڵەتی چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدابوو لەسەر سەرژمێری و چەند زانیارییەكیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری ئیشی لەسەر بكرێت.

 گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دووپاتی كردەوە، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو بودجەیەی كە تەرخان كراوە بۆ سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان، بەغدا ئەو پارەیەی نەناردووە، هەردوولا مەبەستیانە پێوەندییەكان زیاتر بكەن لەسەر پرسی سەرژمێری و لە ڕۆژی داهاتووش كۆبوونەوە بەردەوام دەبن، لە داهاتووشدا بەردەوامی بە كۆبوونەوەكانی هەردوولا دەدرێن.

"هەروەها یەكێك لە تەوەرەكانی تر كە دەخرێتە گفتوگۆكردنی هەردوولا ئەو فۆڕمەیە كە دروست دەكرێت و زامنی پاراستنی هەموو نەتەوەكان دەكات یان باڵادەستیی نەتەوەیەك بەسەر نەتەوەیەكی تر نیشان دەدات، محەمەد وای گوت.

 بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و لە بودجەی ساڵی 2019 زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ سەرژمێری تەرخان كراوە و لە ماوەی ڕابردووشدا دوو كۆبوونەوە لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی سەرژمێری ئەنجام دراوە.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل