سەرۆك بارزانی دۆخی رۆژئاوای كوردستانی لەگەڵ كۆنسوڵی فڕەنسا تاوتوێ كرد

:: PM:02:26:09/10/2019 ‌
سەرۆك بارزانی لەگەڵ كۆنسوڵی گشتی فڕەنسا لە هەولێر كۆ بووەوە و نیگەرانییەكانی كوردی بەرانبەر دۆخی رۆژئاوا خستە بەرباس و هاوكات دۆخی سیاسیی عێراقیش تاوتوێ كرا.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تشرینی یەكەم، بارەگای بارزانی بڵاوی كردووەتەوە، لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.

زیاتر روون كراوەتەوە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەتایبەت ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر لە باكوری سووریا، تاوتوێ كرا و هەروەها بیروڕایش لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵۆگۆڕ كرا.


نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری قووڵتربوونی نەهامەتی و ئازارەكانی گەلی كورد و هەروەها ئایندە و چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیشان دا
"لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی باسی ئەو مەترسییانە كرا كە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە باكوری سووریا دێنە ئاراوە. لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی داوای كرد فڕەنسا وەك بەشێكی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە روودانی كارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت". لە راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانیدا وا نووسراوە.

دووپات لەوەیش كراوەتەوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری قووڵتربوونی نەهامەتی و ئازارەكانی گەلی كورد و هەروەها ئایندە و چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیشان دا.



وشە - هیدایه‌ت جان