سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی كوردی بەرانبەر رۆژئاوا گەیاندە ئەمەریكا

:: PM:02:33:09/10/2019 ‌

 

سەرۆك بارزانی لەگەڵ كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر كۆ بووەوە و راشكاوانە نیگەرانییەكانی كوردی بەرانبەر ئەو دۆخەی لە رۆژئاوا هاتووەتە پێش گەیاندە ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تشرینی یەكەم، بارەگای بارزانی رای گەیاندووە، لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.

زیاتر روون كراوەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا لەبارەی دۆخی سووریا و ئەگەری ڕوودانی شەڕ و كارەسات گفتوگۆی ورد و ڕاشكاوانە كرا، سەرۆك بارزانی جارێكی تر نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئەگەری ڕوودانی كارەسات بۆ كوردی سووریا دەربڕی و داوای كرد ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی گەلی كورد ڕۆڵی خۆیان ببینن.

"سەرۆك بارزانی لەو دیدارەدا ڕوونی كردەوە كە گەلی كورد لە چوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانی زۆری داوە و ئێستە چاوەڕوانیمان لە ئەمەریكا و هاوپەیمانان و كۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە ڕێ نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی كورد تووشی كارەساتی تر بێت، لەوبارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە سەرشانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان". لە راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانیدا وا نووسراوە.

هاوكات دووپات لەوەیش كراوەتەوە، هەر لە دیدارەكەدا باسی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی پارێزگاكانی عێراق كرا و سەرۆك بارزانی ڕوونی كردەوە كە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین داواكارییە شەرعییەكانی خەڵك جێبەجێ بكرێن، لە هەمان كاتدا دژی ئەوەین بەرپرسیارێتیی گەندەڵییەكانی ڕابردوو بخرێتە ئەستۆی حكوومەتی ئێستە و كەسانێكی هەلپەرست كە خۆیان بەرپرسی دۆخەكەن، ئێستە بۆ دژایەتیی سەرۆك وەزیران بیانەوێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵك بن. لەوبارەیەوە پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دووپات كردەوە.


 



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 413 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌