گۆڕان چاوی لە هەنگاوی كردەییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ یەكێتی

:: PM:07:38:09/10/2019 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تشرینی یەكەم، بە مەبەستی پیرۆزبایی لە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی، سەردانی گردی زەرگەتەی لە سلێمانی كرد.

یەكێك لەو پرسانەی لە كۆبوونەوەكە تاوتوێ كراوە و چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا كۆبوونەوەی تری بەدوادا بێت، زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕانە لەسەر ئیدارەدانی سلێمانی و زۆرنی سەوز كە ناوچەی بنكەی جەماوەری هەردوو حزبە.

عەدنان عوسمان ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ "وشە" رای گەیاند، كۆبوونەوەكە دەستپێكێكی باش بوو بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان، گوتی "نیەتێك لای یەكێتی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

دەمانەوێت قسە لەسەر ئایندە بكەین و پێكەوە كار بكەین لەسەر چاكسازی لەسەرانسەری كوردستان
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن هێمای بۆ ئەوەكرد ویست هەیە گفتوگۆكان بچێتە ئاستێكی باڵاتر بە مەبەستی چارەسەری كێشەكە، ئەوەشی خستەڕوو، ویستی چارەسەری كێشەكان لای بزووتنەوەی گۆڕانیش هەیە، گوتی "ئێمە پێویستمان بە هەنگاوی كردەیی هەیە تا هاوبەشی راستەقینە بین لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی بەگوێرەی رێككەوتنانەی كە كراوە"، زیاتر گوتی "دەمانەوێت قسە لەسەر ئایندە بكەین و پێكەوە كار بكەین لەسەر چاكسازی لەسەرانسەری كوردستان بە گشتی و حكوومەتی خۆجێی لە ناوچەكە، پێمان وایە دەبێت حكوومەتێكی بەهێزی خۆجێیمان هەبێت، هاوكات حكوومەتێكی بەهێزیشمان هەبێت لەسەر ئاستی كوردستان، ئەمەش بە رێككەوتنی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی دەكرێت".

عەدنان عوسمان ئەوەشی خستەڕوو كە بزووتنەوەی گۆڕان چاوی لە هەنگاوی كردەییە، هەر هەنگاوێكی كردەیش "لای ئێمە بە ئەرێنی دەبینرێت و ئێمەش هەنگاوی گەورەتر دەنێین". 

بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ماوەی چەندان ساڵە كێشە و ململانێ لەنێوانیان هەیە، چەندان جار یەكێتی تەقەی لە گۆڕان كردووە و گۆڕانیش زۆر بە توندی لە میدیا دۆسیە هەستیارەكانی ئەو حزبەی هەڵداوەتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق